Ads (728x90)

ماڵی جاڵجاڵۆکە، لاوازترینە لەناو هەموو ماڵەکانی دروستکراوانی خودا
خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا، نموونەی ئەو کەسانەی بێجگە لە خوای تەعالا، کەسانێکی دیکە دەکەنە پشتیوانی خۆیان، بە نموونەی جاڵجاڵۆکە دەهێنێتەوە، کاتێك لە سوڕەتی (العنکبوت) لە ئایەتی 41 دەفەرمووێت:

((وَإِنَّ أَوْهَنَ الْبُيُوتِ لَبَيْتُ الْعَنكَبُوتِ لَوْ كَانُواْ يَعْلَمُون))

واتا: نمونه‌ی ئه‌وانه‌ی جگه له خوای گه‌وره‌، كه‌سانێكی دیکە ده‌كه‌نه پشتیوانی خۆیان، وه‌كو نمونه‌ی جاڵجاڵۆكه‌یه‌ك وایه، كه ماڵێكی بۆخۆی دروست كردبێت، به‌ڕاستی لاوازترینی هه‌موو ماڵه‌كان، ماڵی جاڵجاڵۆكه‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌رنجیان لێبدایه و تێبگه‌یشتنایه (چونكه ماڵی جاڵجاڵۆكه نه بناغه و نه دیواری هه‌یه‌، نه سه‌ر و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌، نه ده‌توانێت به‌رگه‌ی با و باران و ڕوداوه‌كان بگرێت، مێییه‌كه‌ش نێره‌كه له ناو ده‌بات دوای جووت بوون، پاشان بێچوه‌كانیش دایكیان له ناو ده‌به‌ن!!!).

تا ئێرە ئەوە ڕاڤەی ئایەتەکە بوو، بەڵام زانستی سەردەم سەلماندووێتی، کە بناغەی کۆمەڵایەتی و خێزانی لە ماڵی جاڵجاڵۆکە، لەسەر بەرژەوەندی کاتی بنیاتنراوە.

هەر کاتێك ئەو بەرژەوەندیانە کۆتاییان پێهات، تاکەکان لە یەکتر هەڵدەگەڕێنەوە و، دەبنە دوژمن یەکتر و، یەکتری دەکوژن، تۆ تەماشا بکە مێیینەی جاڵجاڵۆکە ڕێگە بە نێرینەکەی دەدات بچێتە ناو هێلانەکەی، چونکە بەرژەوەندی (پەڕین)ـیان لە نێواندا هەیە، تا مەبەستەکەی خۆی جێبەجێ دەکات، ئینجا لێی هەڵدەگەڕێتەوە و دەیکوژێت و دەیخوات!.

یەکێکی دیکەیان هاوسەرەکەی دەکاتە خواردن بۆ منداڵەکانی، جۆرێکی دیکەشیان هەیە گچکەکانیان هەر کە هەستیان کرد بەهێز بوونە، دایکیان دەخۆن!.

ئەو دوژمنایەتییە توندەی لە پاش کۆتاییهاتنی بەرژەوەندییەکان بەدیار دەکەوێ، ئەو پەیوەندییە لاوازەی لە نێوان تاکەکانی جاڵجاڵۆکەدا هەیە، وایکردووە ئەو ماڵە لاوازترین ماڵ بێت لەناو هەموو ماڵەکانی دروستکراوانی خودا.

إرسال تعليق