Ads (728x90)

بە هاتریکە سیحراوییەکەی ڕۆناڵدۆ، پورتوگال گەیشتە مۆندیالی بەڕازیل
لە یاری گەڕانەوەی پاشکۆی ئەوروپی بۆ گەیشتن بە مۆندیالی بەڕازیلی 2014، هەردوو هەڵبژاردەی پورتوگال و سوید، لە سوید بەیەکگەیشتن.

لە یاری چووندا پورتوگالییەکان بە سەرکردایەتی "کرستیانۆ ڕۆناڵدۆ" بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان تۆمارکرد بوو، بۆیە لە دووەم یارییدا بە ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی سویدییەکان بوونەوە، سویدییەکانیش بە پێشڕەوێتی "زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ" خۆیان بە بەهێزییەوە ئامادەکرد بوو بۆ تۆڵەکردنەوە لە پورتوگالییەکان و مسۆگەرکردنی بلیتی گەیشتن بە مۆندیال.

هەر لە سەرەتای یارییەکەوە هەردوولا بە بەهێزییەوە دەستیان پێکرد، سویدییەکان بە پلانی هێڕشبردن دەستیان پێکرد، پورتوگالییەکان بە پشتبەستن بە پلانی بەرگری و هێڕشی هەڵگەڕاوە ڕووبەڕوویان بوونەوە، یارییەکە ئاستێکی ئێکجار بەرزی بەخۆیەوە بینی، بە تایبەت ئاستبەرزییەکەی "کرستیانۆ ڕۆناڵدۆ" کە بە تۆمارکردنی هاتریکێکی سیحراوی ناوازە، بە ئەنجامی (3-2) سەرکەوتنی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی بەڕازیلی 2014 بەدەستهێنا و پەیامێکی بەهێزیشی ئاراستەی پلاتەر و فیفا و ڕکابەرەکانی کرد و بە جووڵەی پەنجەکەی پێیوتن: من لێرەم!.

شایەنی باسە "زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ" ئەستێرەی سویدییەکان خاوەنی هەردوو گۆڵەکەی هەڵبژاردەی تۆمارکرد، بەڵام لە بەردەم درەوشانەوەی ئاستبەرزییەکەی "کرستیانۆ ڕۆناڵدۆ"، هەموو هیواکانی لەگەڵ هیوای سویدییەکان بۆ گەیشتن بە مۆندیال پووکانەوە.

"کرستیانۆ ڕۆناڵدۆ" ش هەنگاوێکی ئێکجار گەورەی بڕی بۆ بەدەستهێنانی تۆپی زێڕین، بەو پێیەی ئاستێکی ئێکجار جوان و سەرنجڕاکێش و گەورەی لەمساڵدا پێشکەشکردووە و توانیوێتی گرەوەکە لە بەهێزترین ڕکابەرەکانی بباتەوە بە تایبەت "لیۆنێل میسی".

إرسال تعليق