Ads (728x90)

لاودرۆب
ئێوارەی دوێنێ، لەسەر یاریگای بەناوبانگی (وێمبڵی)، یاری کۆتایی پڵەوانییەتی جامی ڕابیتەی یانە ئینگلیزییەکان لە نێوان هەردوو یانەی (سوانزی سیتی) و (برادفۆر سیتی) بەڕێوەچوو.
یانەی (سوانزی سیتی) لە ژێر سەرکردایەتی (مایکڵ لاودرۆب) ی دانیمارکی تازە ڕاهێنەرەکەی سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد، کاتێك بە ئەنجامی (٥ - ٠) لە یانەی (برادفۆر سیتی) بردەوە و نازناوی جامەکەی لە باوەش گرت.

ئەوەی بووە جێی سەرنجی میدیاکار و چاودێرانی وەرزشی، دەرکەوتنەوەی (مایکڵ لاودرۆب) ی ڕاهێنەرە گەنجەکە بوو، کە وەکو ڕوونتر ئاشکرا دەبێت، ئەو ناوە، تا دێت خۆی لە لوتکە نزیك دەکاتەوە و، لە ڕیزی ڕاهێنەرە گەورەکان دەبینرێت، ئەوەتا لە یەکەمین تاقیکردنەوەی لەگەڵ یانەی (سوانزی سیتی) دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ تۆمارکرد، کاتێك بۆ یەکەمجار ئەو دەستکەوتە دیرۆکییەی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکرد.

ئێستا شرۆڤە ڕۆژنامەوانییەکان بەو ئاراستەیە دەڕۆن، کە (مایکڵ لاودرۆب) بووەتە جێی گرنگیپێدانی گەورە یانەکانی ئەوروپا، بە تایبەت یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی، کە بە گوێرەی چەند ڕاپۆرتێکی وەرزشی، ڕیاڵ مەدرید بە نیازە بیکاتە جێگرەوەی (خۆزێ مۆرینیۆ) لە وەرزی داهاتوودا، ئەمەش بە دوور نازانرێت، چونکە (مایکڵ لاودرۆب) ئەزموونێکی درەوشاوەی لەگەڵ یانەی شاهانە هەیە، چونکە لە سەردەمانێکدا کە یاریزان بووە، لە ڕیزی ئەو یانەیەدا جێپەنجەی خۆی نەخشاندووە.

لە ڕاستییدا (مایکڵ لاودرۆب) یاریزانێکی بلیمەت بوو، بە تایبەت کە لە ڕیزی هەردوو گەورە یانە جیهانییەکە ( ڕیاڵ و بارسا) یاری دەکرد، ئێستاش سەرلەنوێ  لە پێگەی ڕاهێنەرێکی بلیمەت خۆی بە هەوادارانی تۆپە جادوگەرەکە دەناسێنێتەوە.

إرسال تعليق