Ads (728x90)

لە لێدوانێکیدا موفتی کۆماری فیدڕاڵی تەتارستانی ڕوسی (کامیل سامی جۆلین) ڕایگەیاند، ئەو نوسخانەی قوڕئانی پیرۆز کە تەرجەمەی ماناکانیان کراوە بۆ سەر زمانی ڕوسی، چەندین کێشەیان لە تەرجەمەدا تێدایە، بۆیە بڕیار وایە پڕۆژەی وەرگێڕانی مانای قوڕئانی پیرۆز لە ڕوسیا بە پاڵپشتی دەستەڵاتدارەکانی ڕوسیا دەستپێبکات.

ناوبراو وتی: پڕۆژەکە چوار ساڵە کاری تێدا دەکرێت، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی 2016 تەواو بکرێت، ئەو وتەیەی "کامیل سامی جۆلین"ـیش لە کاتی ئامادەبوونی لە کۆنگرەی ئیسلامی نێودەوڵەتییەوە هات، کە لە ژێر ناونیشانی (ڕاڤەی قوڕئانی پیرۆز لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا) لە (قازان) بەڕێوەچوو.

موفتی کۆماری فیدڕاڵی تەتارستانی ڕوسی ئەوەشی ڕاگەیاند، کە ئەو تەرجەمانەی قوڕئانی پیرۆز کە لەناو تەتارستاندا هەن، لەلایەن ئەو وەرگێڕانەوە ئامادەکراون کە شارەزایی تەواویان نییە بە ماناکانی قوڕئانی پیرۆز، چەندین هەڵەی کوشندەش لە تەرجەمەکاندا هەن.

شایەنی باسە، پێشتر پارێزگاری ناوچەی (تیۆمین) لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بوو بۆ یەکخستنی تەرجەمەکانی قوڕئانی پیرۆز لە تەواوی ڕوسیا.

إرسال تعليق