Ads (728x90)

پەیامی پیرۆزبایی ماڵپەڕی “قەڵەم پرێس” بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، ماڵپەڕی "قەڵەم پرێس" پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هەموو موسڵمانانی جیهان بە گشتی و موسڵمانانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەکات.

جەژنی ئەمساڵمان لە کاتێکدایە کە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجێکی زۆر دژوار و قەیراناویدا پێشوازی لەو بۆنە ئایینیە پیرۆزە دەکەن و، چەندین بەربەستی گەورە لە بەردەم ئاساییبوونی ژیانی ڕۆژانەیان دروستبووە، کە ئەوەش پەرژینی پەژارەی بە دەوری دڵ و دەروونیاندا هێناوە، هەر بۆیەش بە دڵێکی خەمناک ساتەکانی جەژن بەڕێدەکەن و، جارانئاسا چێژ لە جوانییەکانی جەژن وەرناگرن.

هەروەکو زۆربەی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی نوقمی ناسۆری و ناڕەحەتییە جۆربەجۆرەکان بوون، کە موسڵمانان لە میسر و لیبیا و فەڵەستین و یەمەن و تونس و سوریا و لوبنان و ئەفغانستان و و پاکستان و میانمار و بۆڕما و تاد..، دووچاری ناخۆشترین هەلومەرجەکانی ژیان بوونەتەوە.

بۆیە لەو بۆنە پیرۆزەدا، وێڕای پاڕانەوەمان لە خوای پەروەردگار، کە کۆتایی بە هەموو ناخۆشییەکانمان بێنێت و، ناسۆرییەکانمان دواییان بێت، دووپاتیش لەوە دەکەینەوە، کە ئەوەش جۆرێکە لە تاقیکردنەوەی خودایی، کە دەبێ بە دڵێکی گەورەوە بەرگەی لێکەوتە ناخۆشەکانی ئەو پێشهاتە سەختانە بگرین و، بیانکەینە دەرفەتێک بۆ بەدستهێنانی پاداشت و ڕەزامەندی پەروەردگاری گەورە.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی خۆمانتان پێشکەش دەکەین، ئومێدەواریشین کەشوهەوای جەژنی داهاتوومان جیاوازتر لە کەشوهەوای جەژنی ئێستا، پڕ بێت لە خۆشی و سەقامگیری و هێمنی و بەدیهێنانی خەون و مافە ڕەواکانمان.

هەولێر ٢٣-٩-٢٠١٥

إرسال تعليق