Ads (728x90)

پەیامی پیرۆزبایی ماڵپەڕی قەڵەم پرێس بەبۆنەی یادەوەری مەولودی پێغەمبەر (ﷺ)
بەبۆنەی هاتنەوەی 12ـی ڕەبیعی یەکەم؛ بیرەوەری لەدایکبوونی پێغەمبەری مرۆڤایەتی؛ حەزرەتی موحەممەد ()، گەرمترین پیرۆزبایی ماڵپەڕی قەڵەم پرێس پێشکەش بە تەواوی موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان دەکەین.

لەو بۆنە پیرۆزەدا، خوازیارین ئەو یادەوەرییە مەزنە ببێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ پتەوترکردنی یەکڕیزیی لە نێوان تاکەکانی ئۆممەتی ئیسلام، کە بەداخەوە لە ڕۆژگاری ئەوڕۆدا؛ لێکترازانێکی هەمەلایەنە لە سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ئەو ئۆممەتەدا دروستبووە.

لە کاتێکدا پێشوازی لەو یادەوەرییە پیرۆزە دەکەین؛ کە جیهانی ئیسلامی بە هەلومەرجێکی ئێجگار مەترسیدار لەسەر هەموو ئاستەکان تێپەڕ دەبێت، هەڵوەشانەوەیەکی بەرفراوانیش لە ڕایەڵەکانی ژیانی شوێنکەوتووانییدا هەستیپێدەکرێت، ئەوەش لێمان دەخوازێت؛ کە ژیرانەتر بیر بکەینەوە و؛ لە ژێر ڕۆشنایی ئامۆژگارییەکانییەوە؛ مامەڵە بکەین، لەو سۆنگەیەشەوە هەڵوێستبەرزی بنوێنین و؛ هەنگاو بەرەو داهاتووێکی سەقامگیرتر و پڕشنگدارتر بنێین.

لە ساتەوەختی پێشوازیکردن لە یادەوەری لەدایکبوونی پێشەوای پێغەمبەران؛ حەزرەتی موحەممەد ()؛ پێویستە خەسڵەتە بەرزەکانی ئەو پێغەمبەرە ئازیزە ()؛ بکەینە پۆشاکێکی پاکژ بەسەر کەسایەتی خۆمانی دابێنین و؛ ئاکار و کردار و گوفتار و ڕەفتارەکانمانی پێ بڕازێنینەوە، ئەوەش ڕاستەقینەترین دەربڕینە لە پەیوەستبوونمان بە ڕێبازە پیرۆزەکەی؛ هەر ئەوەش دەمانگەیەنێتە لووتکەی ئیمان و ئیسڵاحی دەروونیی و ئایندەی گەش لە دونیا و ئاخیرەت.

جارێکی تر ئەو یادەوەرییە لە هەموو لایەك پیرۆز بێت، ئینشاڵا ئەمساڵ و هەموو ساڵێك ئەو بیرەوەرییە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و بەرەکەت بۆ ئۆممەتی ئیسلام بە گشتی و بۆ خاك و نیشتیمان و شوێنکەوتووانی پێغەمبەر () لە کوردستان بە تایبەتی.

ماڵپەڕی قەڵەم پرێس ـ هەولێر ـ 10ـی مانگی ڕەبیعی یەکەمی ساڵی 1346ـی کۆچی

إرسال تعليق