Ads (728x90)

ئایا ئافرەتان ئەو نوێژانە قەزا دەکەنەوە کە لە ماوەی بێنوێژیدا نەیانکردوون؟
ئایا ئافرەتی بێنوێژ پێویستە لەسەری ئەو نوێژانە قەزا بکاتەوە کە لە ماوەی بێنوێژیدا نەیکردوون؟!، چونکە شەرعناسان یەکدەنگن کە نوێژی ئافرەتانی بێنوێژ لە ماوەی بێنوێژیدا دروست نییە، چونکە بێنوێژییەکە ڕێگرە لە بەردەم بەجێهێنانی ئەو ئەرکە شەرعییەدا.

زانایانی شەرعناس ڕوونیدەکەنەوە کە عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە، پێغەمبەرمان (دخ) پێیفەرمووە: ئەگەر بێنوێژی هات، وازبێنە لە نوێژکردن، ئەگەریش ڕۆیشت خۆت پاک بکەوە لە خوێن و نوێژەکانت ئەنجام بدە (ڕیوایەتی بوخاری).

هەروەها لە ڕیوایەتی (موسلیم)ـدا هاتووە، کە ئافرەتێک پرسیاری لە عائیشە کرد (خوا لێی ڕازی بێت) دەربارەی ئەوەی، ئایا یەکێکمان دەبێ نوێژەکانی ماوەی بێنوێژی قەزا بکەینەوە؟!، عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) وەڵامی دایەوە: لە سەردەمی پێغەمبەر (دخ) یەکێکمان تووشی بێنوێژی دەبوو، ئینجا فەرمانی پێنەدەکرا نوێژەکانی قەزا بکاتەوە.

"إبن المنذر" لە کتێبی "الإجماع" فەرموویەتی: زانایانی شەرعناس کۆکن لەسەر ئەوەی ئافرەتی بێنوێژ لە ماوەی بێنوێژیدا نوێژی لەسەر واجب نییە، بۆیەش قەزا کردنەوەی نوێژەکانی لەسەر نییە.

خوای گەورەش زاناتر و بەرزترە.

إرسال تعليق