Ads (728x90)

سیواك پاککەرەوەیە بۆ دەم و ڕەزامەندی پەروەردگاری تێدایە
گرنگی بەکارهێنانی سیواك بە تەنها لە لایەنی پەرستشەوە بەدیار ناکەوێت، بەڵکو لە ڕووە تەندروستییەکەشدا کاریگەرییە گەورەکەی پشتڕاستکراوەتەوە.

پسپۆڕانی بواری پزیشکی هەڵساون بە ئەنجامدانی چەندین توێژینەوە لەسەری، کە خۆشبەختانە ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن، چونکە یەکانگیرن لەگەڵ ئامۆژگارییەکان و فەرموودەکانی پێغەمبەری ئازیزمان حەزرەتی موحەممەد (دخ) کە لە چەندین فەرموودەدا هانمان دەدات سیواك بەکاربهێنین، وەکو: السواك مطهرة للفم مرضاة للرب، سیواك پاککەرەوەیە بۆ دەم و هۆکارە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای پەروەردگار.

هەر چەند زۆربەمان هەویری ددان لەبری سیواك بۆ پاکڕاگرتنی ددانەکانمان بەکاردەهێنین و بە باشتری دەزانین، بەڵام ئەو توێژینەوانەی لەسەر داری سیواك ئەنجامدراون ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن، کە سیواك لە هەویری ددان باشترە بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پدو.

زانستی سەردەمیش سوودە زۆرەکانی سیواكمان بۆ دەسەلمێنن، کە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەدەین:
  • ئەو بەکتریایە دەکوژێت کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی پدو.
  • لە دژی کلۆربوونی ددان دەجەنگێت بە شێوەیەکی کارا.
  • لە دژی بۆگەنبوون و خراپبوونی پدو دەجەنگێت.
  • لە دژی بۆنی دەم دەجەنگێت.
  • بۆنی خۆش لەناو دەم دروست دەکات.
  • نێوانی ددانەکان بە شێوەیەکی کارا پاك دەکاتەوە.
  • دەردانی لیك زیاد دەکات، بەوەش ڕێگە دەگرێت لە وشکبوونی دەم.

لێکۆڵینەوە زانستییەکان لەسەر سیواك:
  1. کۆمپانیای “ڕیگلی” لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدا، کە ناوەڕۆکەکەی لە گۆڤاری “کیمیای کشتوکاڵی و خۆراکی” لە ساڵی 2007 بڵاوکرایەوە، تێیدا ئەوە سەلمێنراوە کە بەکارهێنانی پونگی تێکەڵکراو لەگەڵ سیواك، کاریگەرییەکەی لە کوشتنی بەکتریا 20 هێندە زیاتر بووە بە بەراورد بە بەکارهێنانی پونگەکە بە تەنها، بەوەی کە دوای نیو کاتژمێر، پونگی تێکەڵکراو لەگەڵ سیواك نزیکەی 60% ی بەکتریاکانی کوشتووە، لە کاتێکدا پونگی ئاسایی بە تەنها توانیوویەتی تەنها 3.6% بکوژێت لە دوای هەمان ماوەدا.
  2. چەندین توێژینەوەی دیکە ئەوەیان ڕوونکردووەتەوە، کە سیواك کاریگەرییەکەی زیاترە لە جوانکردن و ڕێگەگرتن لە ڕەشبوونی ددان و هەوکردنی پدو، بەڵام بەو مەرجەی بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێندرێت.
  3. لە ژمارەی مانگی 8 ی ساڵی 2008 ی گۆڤاری “پدو” هاتووە: توێژینەوەیەك، کە لەلایەن توێژەرە سویدییەکانەوە ئەنجامدراوە، ئەو ڕاستییەی دەرخستووە کە سیواك دەتوانێت هەموو بەکتریایانە لەناوببات کە هۆکارن بۆ نەخۆشییەکانی پدو، زانایانیش کاریگەرییە گەورەکەی سیواك بەوە ڕاڤە دەکەن کە سیواك مادەی دژە ژەهراویبوون لەخۆدەگرێت و لە کاتی بەکارهێنانیدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ لەناوبردنی بەکتریاکان.

هیوادارین هەموو موسڵمانان سوود لەو بابەتە گرنگە وەربگرن و بۆ لەمەودواش گرنگی زیاتر بە بەکارهێنانی سیواك بدەن.

إرسال تعليق