Ads (728x90)

لووتبەرز و لەخۆبایی ناچێتە بەهەشت
لە عەبدوڵای کوڕی مەسعود (خوا لێیان ڕازی بێت) هاتووە، پێغەمبەری خۆشەویستمان (دخ) دەفەرمووێت: “کەسێك ناچێتە بەهەشت ئەگەر تۆزقاڵێك فیزی و لووتبەرزی و لەخۆبایی لەناو دڵيدا بێت”.

هاوڕێیانی حەزرەت (دخ) فەرموویان: ئەی خۆشەویستی خودا، پیاو هەیە حەز دەکات جلوبەرگەکەی جوان بێت، پێڵاوەکەی جوان بێت، شێوە و ڕەنگ و ڕووخساری جوان بێت، تاد...، ئایا ئەوەش بە فیزی و لووتبەرزی و لەخۆباییبوون دادەنرێت؟!.

پێغەمبەری خۆشەویستمان (دخ) وەڵامی دانەوە و فەرمووی: خوای گەورە جوانە و جوانیشی خۆش دەوێت، بەڵام فیزی و لووتبەرزی و لەخۆباییبوون، ڕەتکردنەوەی حەق و بە کەم تەماشاکردنی خەڵکە.

لە میانی ئەو ڕوونکردنەوەیەی پێغەمبەری خۆشەویستمان (دخ) بۆمان دەردەکەوێت، کە فیزی و لووتبەرزی و لەخۆباییبوون کارێکی قەدەغەکراوە، کەسانی لووتبەرز و لەخۆباییش ناچنە بەهەشت، ئینجا جیاوازی نییە لەوەدا، کە ئەو فیزی و لووتبەرزی و لەخۆباییبوونە بەهۆی پلە و پایە، یان بەهۆی جلوبەرگ و پارە و پوول، یان بەهۆی جوانی و کەشخەیی، یان بەهۆی هێز و دەستەڵات، یان بەهەر هۆکارێکی دیکەوە بێت.

|| تێبینی.. ئەو فەرموودەیە لەلایەن پێشەوا موسلیم ڕیوایەت کراوە.

إرسال تعليق