Ads (728x90)

چڵەدارەکە بشکێنە، کە لەسەری وەستاوی!
پادشاکە دوو هەڵۆی جوانی بە دیاری بۆ هات، کە بەلای ئەوەوە جوانترین باڵندە بوون، بڕیاریشیدا بایەخێکی تایبەتیان پێبدات و بیانخاتە ژێر چاودێرییەکی گرنگەوە، هەر بۆیەش هەردوو هەڵۆکەی دایە دەستی ڕاهێنەرێك تاوەکو ڕاهێنانیان پێبکات.

پاش چەند مانگێك، ڕاهێنەرەکە هاتەوە لای پادشاکە و پێێڕاگەیاند، یەکێك لە هەڵۆکان بە باشی و جوان لە ئاسماندا دەفڕێت، بەڵام ئەوەکەی دیکە لەسەر چڵەدارێك وەستاوە و هەرگیز بە جێیناهێڵێت و نافڕێت!، پادشا هەموو پزیشکەکانی وڵاتی کۆکردەوە و ڕایسپاردن چاودێری هەڵۆکەی بۆ بکەن و ڕایبهێنن بفڕێت و وەکو ئەوەکەی دی لە ئاسماندا لە شەقەی باڵ بدات.

بەڵام هەر چەند هەوڵیاندا و خۆیان ماندوو کرد، بەڵام پزیشکەکان دەستەوەستان بوون و نەیانتوانی چارەسەری هەڵۆکە بکەن تا بفڕێت و نەشیانتوانی خواستی پادشا وەدیبێنن، پاش ئەوەی ڕێگاکانی پادشا بۆ چارەسەرکردنی هەڵۆکە زەحمەتتر دەبوون، ئەوجارەیان بیرۆکەیەکی بە مێشکدا هات و وتی: “وا دیارە دەبێت داوای یارمەتی لە کەسێك بکەم، کە شارەزای سروشتی ژیانی گوندەکان بێت، ئەو ڕەهەندەکانی ئەو کێشەیە باشتر تێدەگات”.

هەر بۆیەش دەستبەجێ بڕیاریدا، جووتیارێکی گوندنشین ئامادە بکەن، بۆ بەیانی پادشا زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەر بوو، کاتێك بینی هەڵۆکەی دیکەش لەسەر باخچەی کۆشکی پادشایەتی لە شەقەی باڵ دەدات و دەسووڕێتەوە!، داواشی لە پاسەوانەکانی کرد جووتیارە گوندنشیە ژیرەکەی بۆ ئامادە بکەن، کە ئەوەی ئەو تێیدا سەرکەوتوو، کەس نەیتوانی سەرکەوتنی تێدا بەدەستبێنێت!.

جووتیارە گوندنشیە ژیرەکەیان هێنایە کۆشکی پاشایەتی و لە بەردەم پادشادا وەستا، پادشا پرسیاری لێکرد: چۆن وات کرد هەڵۆکە بفڕێت؟!، جووتیارە گوندنشیەکە وەڵامی دایەوە: کارێکی زۆر سادە و ئاسان بوو!، ئەو چڵە داڕەی هەڵۆکە لەسەری وەستا بوو، شکاندم!.

إرسال تعليق