Ads (728x90)

بەلجیکا و ئەرجەنتین بلیتی قۆناغی 8 یان مسۆگەر کرد
لە چوارەم ڕۆژی یارییەکانی قۆناغی شانزەی جامی جیهانی لە بەڕازیل، دوو یاری دیکە بەڕێوەچوون، لە یاری یەکەمدا لە کاتژمێر 7 ی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و سویسڕا بەیەکگەیشتن.

لە گێمی یەکەم و دووەمی یارییەکە هەردوو هەڵبژاردەکە بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، سەرەڕای ئەوەی هەردوو هەڵبژاردەکە ئاستێکی جوانیان پێشکەشکرد و سووربوونی خۆیان لەسەر بردنەوە دەردەخست، بۆیە ناوبژیوان بڕیاریدا لە گێمەکانی زیادکراودا یارییەکە یەکلایی بکەنەوە.

لە کۆتا خولەکەکانی گێمی دووەمی زیادکراوی یارییەکە و لە خولەکی (118) هەڵبژاردەی تانگۆ  بە گۆڵێکی جوانی “ئەنخێل دیماریا” پێشکەوتن و بەو گۆڵە توانیان بلیتی گەیشتن بە قۆناغی 8 ی مۆندیالی بەڕازیلی لە چنگی سویسڕییەکان دەربهێنن و یارییەکە بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ ببەنەوە و وەکو حەوتەم هەڵبژاردە خۆیان بگەیەننە قۆناغی 8 ی جامی جیهانی، هەڵبژاردەی سویسڕاش کە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و نزیکبوو لە سەرکەوتن لەو یارییەدا، بە سەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

لە یاری دووەمیشدا کە لە کاتژمێر 11 ی شەو بەڕێوەچوو، هەردوو هەڵبژاردەی ئەمریکا و بەلجیکا بەیەکگەیشتن، لە گێمی یەکەم وێڕای هەوڵی چڕوپڕی هەردوولا بۆ تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و بە یەکسانبوونی سەلبی لە یاریگا هاتنە دەرەوە، لە گێمی دووەمدا بەلجیکییەکان ئاستێکی زۆر بەرزیان پێشکەشکرد و چەندین دەرفەتی گۆڵ تۆمارکردنیان لەدەستدا، هۆکارەکەشی لێهاتوویی گۆڵپارێزی ئەمریکییەکان بوو کە ئاستبەرزییەکی زۆر گەورەی پێشکەشکرد، سەرەنجام کاتی یاسایی یارییەکە بە یەکسانبوونی سەلبی کۆتایی پێهات، بۆیە ناوبژیوان بڕیاریدا لە گێمەکانی زیادکراودا یارییەکە یەکلایی بکەنەوە.

لە گێمی زیادکراوی یەکەم و لە خولەکی (93) یارییەکەدا، بەلجیکا بە گۆڵێکی جوانی “کیڤن دی بران” پێشکەوتن و هەنگاوێکی گرنگیان بڕی لە بردنەوە و بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە ، بەلجیکییەکان بەوەندە نەوەستان، بەڵکو بەردەوام بوون لە هێڕشبردن و لە دوا خولەکی گێمی زیادکراوی یارییەکە (105) بە گۆڵی “لۆکاکۆ” ئەنجامەکەیان کردە (2-0)، بەڵام ئەمریکییەکان خۆیان بە دەستەوە نەدا، بەڵکو لەگەڵ دەستپێکردنی گێمی زیادکراوی دووەم و لە خولەکی (107) یارییەکەدا، ئەمریکا بە گۆڵێکی جوانی “گرین” ئەنجامەکەیان بۆ جیاوازی یەك گۆڵ کەمکردەوە و هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام بەلجیکییەکان پارێزگاریان لە پێشکەوتنی خۆیان کرد و ئەنجامەکە گۆڕانی بەسەردا نەهات، ئەنجامی یارییەکەش  بە (2-1) گۆڵ بە بردنەوەی بەلجیکا کۆتاییهات، هەڵبژاردەی بەلجیکاش بووە هەشتەم هەڵبژاردەی قۆناغی 8 ی جامی جیهانی، هەڵبژاردەی ئەمریکاش ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

إرسال تعليق