Ads (728x90)

بەڕۆژووبوون چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان دەکات
بەشی پزیشکی دەروونی لە “دامەزراوەی پزیشکی حەمەد” موحازەرەیەکی بۆ خەڵك ڕێکخست لە ژێر ناونیشانی “ڕەمەزانی پیرۆز”، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و چۆنییەتی خۆپاراستن لە نەخۆشییە دەروونییەکان.

لەو موحازەرەیەدا دووپاتکرایەوە لەسەر ئەوەی، کە بەڕۆژووبوون دەرفەتێکە بۆ ڕزگاربوون لە خووە خراپەکانی وەکو جگەرەکێشان بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەکەن، چونکە لە بەڕۆژووبووندا ئیرادە لاوازەکان بەهێزتر دەبن، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ پزیشکە دەروونییەکان لە زیادبوونی دەرفەتەکانی سەرکەوتنی چارەسەرکردنی جگەرەکێشەکان.

هەر لەو موحازەرەیەدا دکتۆر “عبد المنعم عبد الحكم” پزیشکی ڕاوێژکاری یەکەم لە بەشی پزیشکی دەروونی لە “دامەزراوەی پزیشکی حەمەد” موحازەرەیەکی پێشکەشکرد، تێیدا ئەوەی دووپاتکردەوە کە بەڕۆژووبوون چەندین سوودی بۆ تەندروستی دەروونی ڕۆژووەوانان هەیە، لە گرنگترینیان:

  • بەڕۆژووبوون یارمەتیدەرە لەسەر کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوون بەسەر نەفس، ئەویش بە ڕێگەی خۆ قەدەغەکردن لە خواردن و خواردنەوە و دوورکەوتنەوە لە ئارەزووەکان.
  • بەڕۆژووبوون کاریگەری هەیە لە بەهێزترکردنی ورە و ئیرادەی ڕۆژووەوانان.
  • بەڕۆژووبوون یارمەتیدەرە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی خود و دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان خواستە جەستەییەکان و خواستەکانی نەفس.

هەندێك لێکۆڵینەوەش لە بواری پزیشکی دەروونی سەلماندوویانە، کە ئەو کەسانەی کەسایەتییەکی هاوسەنگیان هەیە و بەربەست و قەدەغەکەری ئایینیان هەیە و پابەندن بە بەجێهێنانی پەرستشەکان، کەمتر تووشی شڵەژانە دەروونییەکان دەبنەوە، لە ئەگەری تووشبوونیشیان بە نەخۆشییەکی دەروونی، باشتر چارەسەرییەکان وەردەگرن.

ناوبراو هەروەها وتی: بەڕۆژووبوون یارمەتیدەرە (تا ڕادەیەکی زۆر) لە باشترکردنی باری دەروونی زۆرێك لە تووشبووان بە نەخۆشییە دەروونییەکان، چونکە کاریگەرییەکی ئیجابی هەیە لە بەهێزترکردنی ئیرادە، کە ئەوەیان خاڵی لاوازیانە، هەروەکو چۆن ئارامگرتن لەسەر خۆ قەدەغەکردن لە خواردن و خواردنەوە و دوورکەوتنەوە لە ئارەزووەکان لە ماوەی ڕۆژدا، یارمەتیدەرە (تا ڕادەیەکی زۆر) لەسەر زیادکردنی توانای نەخۆش لەسەر بەرگەگرتن، کە ئەوەشیان بە چاك ڕەنگدەداتەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەی.

زیاتر لە هەموو نەخۆشییە دەروونییەکانیش، کە بەڕۆژووبوون یارمەتیدەر دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، خەمۆکی و خەمبارییە، چونکە ڕۆژووەوانانی تووشبوو بەو نەخۆشییە هیوایان تازە دەبێتەوە بە دەرچوونیان لە بازنەی نائومێدیی، هەروەکو چۆن بەشداربوون لەگەڵ موسڵمانان لە ئەنجامدانی پەرستشەکان لە ماوەی مانگی ڕەمەزان یارمەتیدەر دەبێت لەسەر دەرچوون لەو گۆشەگیرییەی کە خەمۆکی بەسەر نەخۆشەکە دەیسەپێنێت، نەخاسمە کە پەرستشەکان (زیکر و سەڵەوات لێدان و خوێندنەوەی قوڕئان و چاوەڕێکردنی نوێژ لە دوای نوێژ) یارمەتیدەر دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەستکردن بە تاوان و زەینی ڕۆژووەوان دوور دەخاتەوە لە خۆئازاردان.

إرسال تعليق