Ads (728x90)

کاریگەری بەڕۆژووبوون لەسەر بەردی گورچیلە
زانراوە کە وشکی و کەم خواردنەوەی شلەمەنییەکان ڕۆڵی هەیە لە کەڵەکەبوونی کێشەی بەردەکانی میزەڕۆ، زۆربەی حاڵەتەکانی بەردی گورچیلەش لە ماوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا دەگەیەنرێنە نەخۆشخانە.

لە توێژینەوەیەکدا بە مەبەستی زانینی فاکتەرەکانی مەترسی کە دەبنە هۆی دروستبوونی بەرد لە گورچیلەدا لە ماوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، دەرکەوتووە کە بەڕۆژووبوون کاریگەرییەکی جیاوازی هەیە لەسەر ئەو فاکتەرانە، بۆیە شتێکی ئەستەم بوو لەسەر زانایانی توێژینەوەکە بگەنە ئەو بەرەنجامەی کە بەڕۆژووبوون مەترسی تووشبوون بە بەردەکانی میزەڕۆ زیاتر دەکات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.

توێژینەوەکە لەسەر 75 پیاو ئەنجامدرا کە تەمەنیان لە نێوان 30 - 55 ساڵی دابوو، 37 یان پێشتر تووشی بەردەکانی میزەڕۆ بوو بوون، 20 یشیان بە درێژایی ژیانیان بەردەکانی میزەڕۆیان نەبووە، هەر هەموویان پشکنینی خوێن و تاقیکردنەوەی شەپۆڵەکانی سەروو دەنگ و شیکاری میز و چاندنی میز و کۆکردنەوەی میزیان بۆ ئەنجامدرا بە درێژایی 24 کاتژمێر، بێجگە لە هەژمارکردنی بەها کاریگەرەکان لە دروستبوون یان ڕێگرتن لە دروستبوونی بەرد.

سەرەنجام دەرکەوت کە فڕێدانی کالسیۆم و فۆسفات و مەگنیسیۆم لە میزدا لە ماوەی 24 کاتژمێر و قەبارەی میز لە کاتی بەڕۆژووبوون زۆر کەمتر بووە بە بەراورد بە بەڕۆژوونەبوون (ڕۆژووشکاندن).

هەروەها تەرکیزی میزەکە لە کالسیۆم لە کاتەکانی بەڕۆژووبوون زۆر کەمتر بووە بە بەراورد بە کاتەکانی بەڕۆژوونەبوون (ڕۆژووشکاندن)، هەروەها تەرکیزی ترشی (یۆریك) و فۆسفات و سۆدیۆم و پۆتاسیۆم لە کاتەکانی بەڕۆژووبوون زۆر بەرزتر بووە بە بەراورد بە کاتەکانی بەڕۆژوونەبوون (ڕۆژووشکاندن).

هەروەها زیادبوون لە تێری ترشی (یۆریك) و کەمبوونەوە لە تێری فۆسفاتی کالسیۆم بە شێوەیەکی بەرچاو لە کاتی بەڕۆژووبووندا بەدیارکەوت، هەروەها زیادبوونێکی گەورەش لە تێری ئۆکسالی کالسیۆم بەدینەکرا لە کاتی بەڕۆژووبووندا.

هەموو ئەو فاکتەرە کاریگەرانە لە دروستبوونی بەردی گورچیلە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە هەندێکیان کاریگەریان هەیە لە زیادکردنی بەردەکان و هەندێکیشیان کاریگەریان هەیە لەسەر کەمکردنەوەی بەردەکان، توێژەرەکان نەیانتوانی بە شێوەیەکی بنەبڕ بەڕۆژووبوون ببەستنەوە بە دروستبوونی بەردی گورچیلە.

بەڵام خۆپارێزی لە چارەسەری باشترە، بۆیە باشتر وایە ڕۆژووەوانان لە دوای ڕۆژووشکاندن بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی جەستە و تواندنەوەی خوێیەکان کە لەسەر شێوەی بەرد دەگەنە گورچیلەکان، بە تایبەت ئەوانەی پێشتریش کێشەی بەردی میزەڕۆیان هەبووە.

سەرچاوە/ PubMed

إرسال تعليق