Ads (728x90)

ڤیاڕیال ئەتلەتیکۆ مەدریدی تووشی موفاجەئە کرد
یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لەسەر یاریگا و لەناو هاندەرانیدا، تووشی دۆڕانێکی لەناکاو بوو، دوای ئەوەی بە گۆڵێکی کوشندە لە خولەکی 85ـی یارییەکە بەرامبەر یانەی ڤیاڕیالی میوان شکستیخوارد.

یارییەکە لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی هەفتەی 15ـی خولی ئیسپانی “لیگا”ـدا بوو، بەڵام هەڵگری نازناو یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید نەیتوانی بردنەوە بەدەستبێنێت و سوود لە شکستەکەی دوێنێ شەوی یانەی بەرشەلۆنە وەربگرێت.

بەڵام یانەی ڤیاڕیال ئاستێکی بەرز و جوانی پێشکەشکرد، بەرهەمەکەشی ئەوە بوو، کە لە خولەکی 85ـی یارییەکەدا، یاریزانی هێڵی ناوەند “لۆسیانۆ فیتۆ” گۆڵی بردنەوەی بۆ یانەکەی تۆمار کرد و 3 خاڵی گرنگی لە چنگی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی ئیسپانی “لیگا” دەرهێنا.

بەو ئەنجامەش، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید شکستیهێنا لە ڕاوەدونانی یانەی بەرشەلۆنە و گرتنی پلەی دووەمی ڕیزبەندی، چونکە خاڵەکانی وەکو خۆی 32 خاڵ لە پلەی سێیەم مایەوە، یانەی ڤیاڕیالیش بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ سەرکەوت بۆ پلەی شەشەم.

هەروەکو ئەو شکستەی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید خزمەتێکی زۆر بە یانەی ڕیال مەدریدی پێشەنگ دەکات، چونکە ئێستا جیاوازی نێوانیان 7 خاڵە.

إرسال تعليق