Ads (728x90)

حوکمی شەرعی پیرۆزباییکردن لە ناموسڵمانەکان لە جەژنەکانیان
ئەمینداریەتی فەتوا لە خانەی فەتوای میسری، دووپاتیکردەوە لە دروستی پیرۆزباییکردن لە ناموسڵمانەکان لە جەژنەکانیان، بەڵام بەو دەستەواژانەی، کە دژێتیان تێدا نەبێت لەگەڵ بیروباوەڕی ئیسلامی.

لە فەتواکەدا هاتووە، ئەو کارە دەچێتە چوارچێوەی چاکەکردن، کە خوای گەورە فەرمانی پێکردووین لەگەڵ هەموو خەڵكدا بیکەین بەبێ جیاوازی، ئەو ئایەتەی قوڕئانی پیرۆزیشمان بە بیر دێنێتەوە، کە خوای تەعالا دەفەرمووێت:

((وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا)) هەروەها ئەو ئایەتە پیرۆزەش: ((إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ)).

لەو دوو ئایەتە پیرۆزەی سەرەوەدا، خوای کردگار فەرمانمان پێدەکات بەوەی، کە بە گوفتار چاك خەڵك بدوێنین، هەروەکو فەرمانیشمان پێدەکات دادپەروەر و چاکەکار بین.

فەتواکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، گرنگترین بەڵگەی پشتپێبەستراو، ئەو دەقە ڕاشکاوانەیەی قوڕئانی پیرۆزە، کە دووپات لەوە دەکاتەوە، کە خوای گەورە ڕەتینەکردووەتەوە چاکە لەگەڵ ناموسڵمانەکان بکەین وسەردانیان بکەین و دیاریان پێببەخشین و دیاریان لێوەربگرین، هەروەها شێوە چاکەکردنەکانی دیکەش، کە ئەویش ئەو ئایەتە قوڕئانییە پیرۆزەیە:

((لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ))


واتای ئەو ئایەتە: دڵنیا بن، که خوا قه‌ده‌غه‌ی ئه‌وه‌تان لێ ناکات، که چاك ڕه‌فتاری و دادپه‌روه‌ری بکه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا، کە جه‌نگیان دژ نه‌کردون و دژایه‌تی ئاینیان نه‌کردون و له شوێنه‌وارتان ده‌ریان نه‌کردون، چونکه به‌ڕاستی خوا دادپه‌روه‌رانی خۆش ده‌وێت.

ئەو فەتوایە لەوەوە هات، کە پرسیار ئاراستەی خانەی فەتوای میسری کراوە سەبارەت بە حوکمی شەرعی پیرۆزباییکردن لە ناموسڵمانەکان لە جەژنەکانیان، بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادەکانی سەری ساڵ و جەژنی مەسیحییەکان.

لە ناوەڕۆکی فەتواکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە بەخشینی دیاری و وەرگرتنی دیاری لەگەڵ ناموسڵمانەکان دروستە، دووپاتیش لەوە دەکاتەوە، کە پێغەمبەری خۆشەویستمان (دخ) دیاری لە ناموسڵمانەکان وەردەگرت، ئەوەتا لە پێشەوا “عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب” ڕیوایەتکراوە: “کیسرای گەورەی فارسەکان دیاری بۆ پێغەمبەری خۆشەویستمان (دخ) نارد، ئەویش وەریگرت.. قەسیەری گەورەی ڕۆمەکانیش دیاری بۆ پێغەمبەری خۆشەویستمان (دخ) نارد، ئەویش وەریگرت.. پادشاکان دیاریان بەخشییە پێغەمبەری خۆشەویستمان (دخ)، ئەویش وەریگرت”.

لە بەشێکی دیکەی فەتواکەدا هاتووە، زانایانی ئیسلام لە میانی ئەو فەرموودانەوە تێگەیشتوون، کە وەرگرتنی دیاری لە ناموسڵمانەکان، بە تەنها کارێکی شەرعی یان کارێکی چاك نییە، لەبەر ئەوەی دەچێتە چوارچێوەی چاکەکردن، بەڵکو لەبەر ئەوەی سوننەتی پێغەمبەری خۆشەویستمانە (دخ).

إرسال تعليق