Ads (728x90)

له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی موحممه‌د (دخ)، به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه‌ گرینگترین ڕه‌هه‌نده‌ كاریگه‌ره‌كانی وه‌رچه‌رخانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی مێژووی ژیانی مرۆڤایه‌تی پێكدێنێت، هاوكات بۆته‌ یه‌كێك له‌ یاده‌وه‌رییه‌ هه‌ره‌گه‌وره‌كان له‌ تێڕوانینی شوێنكه‌وتووانییه‌وه‌ و، ڕۆحییه‌تێكی تایبه‌تی له‌ قووڵایی ناخییاندا دامه‌زراندووه‌.

به‌وه‌ی ساڵانه‌ له‌ گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌ی به‌رواری ئه‌و له‌دایكبوونه‌وه‌، به‌ تامه‌زرۆییه‌كی زۆره‌وه‌، دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ هه‌ستبه‌رزی بێسنووری خۆیان له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و كه‌ڵه‌پێغه‌مبه‌ره‌دا.

له‌ سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به‌ مه‌زنێتی ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌شه‌وه‌، پێویستییه‌كی هه‌ره‌سه‌ره‌تاییه‌، كه‌ ئه‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌، ببێته‌ هانده‌ر و هێزێكی خرۆشێنه‌ر بۆ وابه‌ستبوونی به‌رده‌واممان به‌ بنچینه‌ به‌هێزه‌كانی ڕه‌وشتبه‌رزی پێغه‌مبه‌ر (دخ)، كه‌ له‌و دیده‌یه‌وه‌، خودای گه‌وره‌ ستایشی به‌ باڵادا گووت و پێیفه‌رموو: وإنَّكَ لَعَلى خُلُقٍ عَظيمٍ


به‌رز و زیندووڕاگرتنی به‌رده‌وامی ڕێبازی حه‌زره‌ت (دخ)، له‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، كه‌ نیشانه‌مان كرد، نه‌وه‌ك به‌ ته‌نها ئه‌وه‌ی، كه‌ وه‌كو له‌ ناو ئێمه‌دا باوه‌، كه‌ له‌ كاتی هاتنه‌وه‌ی یادی مه‌ولوددا ده‌ڵێن: زیندووكردنه‌وه‌ی یادی مه‌ولود!!، هه‌قوایه‌ بپرسین: بۆچی ده‌سته‌واژه‌ی زیندووكردنه‌وه‌؟!، چما بیره‌وه‌ری مه‌ولود مردووه‌ تا زیندوو بكرێته‌وه‌؟!، له‌ ڕاستییدا ئه‌مه‌یان جێی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ركردنه‌ و پێویستی به‌ ڕاستكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.


نه‌خێر، هه‌رگیز یادی مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ر نامرێت و له‌ زیندوویی ناكه‌وێت، پێویستیشه‌ له‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌دا زیندوو بین و، به‌ ئه‌ندازه‌ی زیندووبوونمان و ئاگاهیمان به‌ ڕه‌وشت و ڕه‌فتار و گوفتار و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌ مه‌زنه‌كانی حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌د (دخ)، له‌ ڕاده‌ی به‌رپرسیارێتی زیندووڕاگرتنی ئه‌و مێژووه‌ زێڕینه‌ به‌ شێوه‌ شایسته‌كه‌ی تێبگه‌ین و به‌رده‌وامی ببه‌خشینه‌ زیندوو مانه‌وه‌ی ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ مه‌زنه‌.


یاده‌وه‌ری مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست (دخ)، نابێت ته‌نها له‌ گردبوونه‌وه‌ و ده‌ربڕینی خۆشحاڵی و به‌خشینه‌وه‌ی شیرنه‌مه‌نی و سازدانی ئاهه‌نگ و مه‌ڕاسیمه‌كان كورت بكرێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ به‌رفراونتر بۆی بڕواندرێت و بكرێته‌ ده‌رفه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ بۆ په‌یڕه‌وكردنی ته‌ندروستانه‌ له‌ پرۆگرامه‌ پڕشنگداره‌كه‌ی، كه‌ هه‌موو جیهان و گه‌ردوونی ڕۆشنكرده‌وه‌، ئێستاش له‌ هه‌موو كات پێویستمان به‌ ڕۆشنایی ڕێبازه‌كه‌ی هه‌یه‌ بۆ ده‌رچوونمان له‌و هه‌موو تارماییانه‌ی، كه‌ بوونه‌ته‌ سێبه‌ری قوڕس به‌ سه‌ر سه‌رمانه‌وه‌.

إرسال تعليق