Ads (728x90)


چه‌سپاندن و پیاده‌كردنی دادپه‌روه‌ری له‌ ته‌واوی جومگه‌ و گۆشه‌كانی ده‌سته‌ڵاتدا ، پێویستییه‌كی سه‌ره‌كییه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ حوكمڕانێتی و ڕازیكردنی ڕه‌عییه‌ت ، كه‌ لێره‌دا زه‌مانه‌تی سه‌روه‌ربوونی یه‌كسانیی له‌ كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ پێویستییه‌كی هه‌میشه‌یی و خواستێكی به‌رده‌وامی تاكه‌كانی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ ، ئیدی فه‌رمانڕه‌واكان لە هەر ئاست و پلەیەک دابن ؛ ده‌توانن ناوبانگ و شكۆدارییه‌كی گه‌وره‌ له‌ دووتووێی ته‌مه‌نی ده‌سته‌ڵاتدارێتی خۆیان تۆمار بكه‌ن و ، به‌ ماوه‌ی حوكمڕانێتییه‌كه‌یان بنازن كه‌ به‌ دادگه‌ریی و یه‌كسانی ڕه‌نگڕێژییان كردووه‌، به‌ڵام ئایا تێكڕای فه‌رمانڕه‌واكان وابوون و وا ده‌بن ؟ ، به‌ ڕاستی باوه‌ڕیبوون و پرۆسه‌ی پێڕۆكردنی دادگه‌ری و یه‌كسانی ئیجگار سه‌خته‌ و ، به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایێتییدا سه‌ربه‌رزانه‌ لێی ده‌رچووبن و ده‌ربچن ، بۆیه‌شه‌ ده‌بینین له‌ ئاكامه‌كاندا زۆرجار سه‌ره‌نجامی ده‌سته‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌واكان تراژیدیایی ده‌بێت و له‌ مێژوودا به‌ په‌ڵه‌ی ڕه‌ش له‌ نێوچاوانییان ده‌ناسرێنه‌وه‌ چ جای ئەوەی لە ئاخیرەتیشدا ڕووڕەشانە ڕادەگیرێن و ڕادەستی مەحکەمەی خودا دەکرێن .
له‌م باسه‌دا سه‌ربوورده‌یه‌كی گرینگی ( نه‌وشێروانی دادپه‌روه‌ر ) پادشای فارسه‌كانتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ كاتێك به‌رپرسیارانه‌ و ژیرانه‌ سۆراخی دادپه‌روه‌ری ده‌كات له‌ مه‌مله‌ته‌كه‌یدا و ده‌یه‌وێت بزانێت له‌ كوێی ئیقلیمه‌كه‌یدا دادگه‌ری بوونی نییه‌ ، كه‌ له‌ ڕاستییدا وانه‌یه‌كی پڕ په‌نده‌ بۆ ئه‌وانه‌ی جڵه‌وی ده‌سته‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ڕه‌عییه‌ت له‌ ده‌ستده‌گرن ، ده‌گێڕنه‌وه‌ ڕۆژێكیان ( نه‌وشێروانی دادپه‌روه‌ر ) له‌ به‌رده‌م وه‌زیر و ڕاوێژكارانییدا ، خۆی به‌ نه‌خۆش پیشاندەدا و ، داوایان لێدەکات به‌ هه‌موو كوچه‌یه‌كی ووڵاتدا بگه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی خشته‌یه‌كی كۆن له‌ گوندێكی وێرانبوو بدۆزنه‌وه‌ و بۆی بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی به‌كاریبهێنێت و ، پێی ڕاگه‌یاندن ئه‌و ڕێنماییه‌ی لە پزیشکەکان وەرگرتووە .
دوای گه‌ڕان و به‌جێهێنانی داخوازی پادشا ، ڕاسپێردراوان لە وەزیر و ڕاوێژکاران هاتنه‌وه‌ و به‌ پادشایان ووت : هیچ شوێنێكی وێرانبوو و خشته‌یه‌كی كۆنمان نه‌دۆزییه‌وه‌ له‌ مه‌مله‌كه‌تدا !!! ، ( نه‌وشێروانی دادپه‌روه‌ر ) بەمە زۆر خۆشحاڵ بوو و ؛ سوپاسی خودای په‌روه‌ردگاری كرد و پێی ووتن : وویستم به‌م كاره‌ ده‌سته‌ڵاتدارێتییه‌كه‌م تاقی بكه‌مه‌وه‌ و بزانم ئایا هیچ شوێنێك هه‌یه‌ له‌ مه‌مله‌ته‌كه‌م لە سایەی حوکمڕانێتییەکەمدا وێران بووبێت و درزی نایەکسانی و ناعەدالەتی تێکەوتبێت و ؛ بە ستەمی دارودەستەکەی منەوە کۆمەڵگاکەم دابەشی سەر چەند بەشێک بوو بێت ؟ ، ئێستاش دڵنیام كه‌ هه‌موو خاكه‌كه‌م ئاوه‌دانه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌م خۆشگوزه‌رانه‌ ، به‌ ڕاستی كاروباری مه‌مله‌ته‌كه‌م ڕێك و پێكه‌ و هه‌لومه‌رجه‌كان له‌بارن و ، ئاوه‌دانی گه‌یشتۆته‌ پله‌ی ته‌واوێتی و ، دادگه‌ری سایه‌ی به‌ سه‌ر هه‌موو ڕه‌عییه‌ته‌كه‌مدا كردووه‌ و ، له‌وه‌ دڵنیام خه‌ڵك هه‌ست به‌ وه‌كیه‌كی تەواو ده‌كه‌ن و ، منیش هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی تەواو ده‌كه‌م .
بەڕێزان ؛ ئا ئه‌وه‌یه‌ دادپه‌روه‌ری ڕاسته‌قینه‌ كه‌ به‌ كرده‌یی بچه‌سپێندرێت و خه‌ڵك وه‌كیه‌كییه‌كی فیعلی له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌یان لە لایەن حوکمڕانەکانەوە ببینن ، نه‌وه‌ك به‌ قسه‌ ده‌نگی دادپه‌روه‌ری له‌ كه‌شكه‌ڵان دابێت و ، له‌ واقیعیشدا ببێته‌ كه‌ره‌سته‌ی موزایه‌دات و ئامرازی گاڵته‌جاری و سیناریۆی فریودانی خه‌ڵك ؛ كه‌ عاقیبه‌تی ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌ وه‌همییه‌ سه‌رشۆڕبوون و شۆڕبوونه‌وه‌ی ته‌ختی حوكمڕانی كاراكته‌ره‌كانییانه‌ بۆ دۆزه‌خی ڕیسوابوونی هه‌تاهه‌تایی .

إرسال تعليق