Ads (728x90)

له‌ میهره‌بانی میهره‌بانتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌وژمی توڕه‌یی په‌روه‌ردگار له‌ به‌رده‌متدا بتوێته‌وه‌ و ئیدی هه‌موو مرۆڤه‌كان تێكڕا چاره‌نووسیان له‌ چاوی میهره‌بانی په‌روه‌ردگاردا بدره‌وشێته‌وه‌ و ، به‌ كارلێكه‌ری ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ گەورەیە؛ تووڕه‌یی كردگاریان لێ دوور بكه‌وێته‌وه‌ و؛ تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ناسه‌یه‌كی كامه‌رانانه‌ هه‌ڵبكێشن و پیاڵه‌ی هیوای ئاسووده‌بوونی هه‌ردوو دونیا بنۆشن .

هه‌میشه‌ هه‌واداری میهره‌بانی په‌روه‌ردگارن ئه‌وانه‌ی له‌ میهره‌بانییه‌وه‌ ڕادێن و له‌ میهره‌بانییه‌وه‌ ده‌دوێن ، گره‌ویان له‌ شه‌یتان و خراپه‌كارن بردۆته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ڕووناكی به‌ به‌زه‌ییانه‌وه‌؛ تاریكی توڕه‌یی ده‌ڕه‌وێننه‌وه‌ و ساباتی ژیان و ژینیان له‌و كه‌نار و هه‌واره‌وه‌ هه‌ڵده‌ده‌ن ، ئه‌مجاره‌یان ده‌چینه‌ خزمه‌ت فه‌رمووده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان موحه‌ممه‌د ( د خ ) و له‌و ژوانه‌ شیرینه‌وه‌ تاوێك له‌ تاڵییه‌تی ژیان داده‌بڕێین و ئاشنای موژده‌یه‌كی مه‌زن ده‌بین كه‌ ئیتر نه‌زانییه‌كی بێمانایه‌ له‌ ته‌ك بیركردنه‌وه‌مان له‌ میهره‌بانی خودا؛ بیر له‌ توڕه‌یی په‌روه‌ردگار بكه‌ینه‌وه‌ ، پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان ( د خ ) ده‌فه‌رمووێت :
لما قضی الله الخلق كتب كتابا ، فهو عنده فوق عرشه : إن رحمتی سبقت غضبی . وفی روایه‌ : " غلبت غضبی   . ، واته‌ : كاتێك په‌روه‌ردگار له‌ دروستكردنی دروستكراوه‌كانی بووه‌وه‌ و بڕیاریدا به‌ ده‌ركه‌وتنی بوونه‌وه‌ره‌كان ، له‌ ( لوح المحفوڤ ) نووسراوێكی نووسی كه‌ ئه‌و نووسراوه‌ لای په‌روه‌ردگار و له‌ سه‌رووی ( عه‌ڕش ) دانراوه‌ ، له‌و نووسراوه‌دا هاتووه‌ : میهره‌بانی و به‌ به‌زه‌یی من پێش توڕه‌بوونم كه‌وت ، به‌و واتایه‌ی شوێنه‌واری ڕه‌حمه‌تم شوێنه‌واری غه‌زه‌بمی داپۆشیووه‌ .

به‌ ڕاستی ئه‌و موژده‌یه‌ موژده‌یه‌كه‌ پڕاوپڕ ده‌لاله‌ته‌ له‌ میهره‌بانی ، ده‌با دڵه‌كانمان به‌ ترپه‌ی میهره‌بانییه‌وه‌ بكه‌وێته‌وه‌ لێدان و؛ ژوان له‌ گه‌ڵ ئه‌و هزر و بیر و خه‌یاڵانه‌ بگرێت كه‌ هانده‌ر و زامنی په‌رستشێكی خاوێنن بۆ گه‌یشتن به‌ ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانی خودای په‌روه‌ردگار ، دەسا پەروەردگارمان میهرەبانێ ، وەکو باران نم نم بە سەرماندا ببارێ .


إرسال تعليق