Ads (728x90)


قسەكردن له‌ سه‌ر دادپه‌روه‌ری خودای په‌روه‌ردگار ؛ كردارێكی ئێجگار سه‌خته‌ كه‌ بتوانین خۆمان له‌ قه‌ره‌ی بده‌ین ، چونكه‌ به‌ پێی به‌ڵگه‌ و ده‌قه‌ پیرۆزه‌كان و ؛ هه‌مدیس به‌ بینینی واقیعی ژیان و گوزه‌ری ڕۆژگار ، ئه‌وه‌ یه‌كلابۆته‌وه‌ كه‌ خودای په‌روه‌ردگار دادپه‌روه‌رترین دادپه‌روه‌ره‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سیفه‌تی زۆرداریی له‌ زات و سیفاتی خالیقی گه‌وره‌ جێی نابێته‌وه‌ ، چونكه‌ دژبه‌رییه‌كی ته‌واوی له‌ گه‌ڵ سیفه‌تی دادپه‌روه‌ریی هه‌یه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو سیفه‌ته‌ دژ به‌یه‌كه‌ش له‌ مرۆڤه‌كاندا مه‌حاڵه‌ نه‌خاسمه‌ له‌ خودای گه‌وره‌ كه‌ ( أحكم الحاكمین ) ه‌ ، به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش ؛ ده‌مانه‌وێت ڕوونتر ئه‌وه‌ بسه‌لمێنین كه‌ سیفه‌تی دادگه‌ری به‌وپه‌ڕی ته‌واوێتی له‌ زاتی خودادا چه‌سپاوه‌ و سیفه‌تی زۆرداریی له‌ زاتی خودادا جێی نابێته‌وه‌ ؛ لێ ئەوە کورتبینی و بێتوانایی ئێمەیە کە تەنها لە ڕوواڵەتەکان ووردەبینەوە و حوکمی لە سەر دەدەین و ناتوانین پەی بە هەقیقەتە شاراوەکان ببەین ؛ وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ نابێت له‌ بینین و باسكردنی ڕووداو و سه‌ربوورده‌كانی ژیاندا و ؛ له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا په‌له‌ بكه‌ین له‌ تۆمه‌تباركردنی خودای مه‌زن به‌ زۆرداریی ، به‌ڵكه‌ ده‌بێت به‌ به‌رچاوڕوونییه‌وه‌ به‌ دوای سه‌رنجامه‌ ڕاسته‌قینه‌كان بگه‌ین كه‌ له‌وێوه‌ ده‌بینین و ده‌زانین كه‌ خودای گه‌وره‌ دادپه‌روه‌ره‌ نه‌ك زۆردار ، بۆ زیاتر ڕۆشناییش بفه‌رموون له‌ گه‌ڵ ئه‌و چبرۆكه‌ كه‌ باس له‌ گفتۆگۆی نێوان داود پێغه‌مبه‌ر ( سڵاوی خوای له‌ سه‌ربێت )له‌ گه‌ڵ ئافره‌تێكی بێوه‌ژن ده‌كات سه‌باره‌ت به‌و باس و بابه‌ته‌مان .
ڕۆژێكییان ئافره‌تێك هاته‌ لای داود پێغه‌مبه‌ر ( سڵاوی خوای له‌ سه‌ربێت ) ، ئافره‌ته‌كه‌ ووتی : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا ، ئایا خودای تۆ دادپه‌روه‌ره‌ یان زۆردار ؟ ، داود پێغه‌مبه‌ر ( سڵاوی خوای له‌ سه‌ربێت ) به‌ ئافره‌ته‌كه‌ی ووت : قوڕ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێی چی !!! ، خودا دادپه‌روه‌رێكه‌ كه‌ سته‌م له‌ كه‌س ناكات ، ئینجا داود پێغه‌مبه‌ر ( سڵاوی خوای له‌ سه‌ربێت ) پرسیاری له‌ ئافره‌ته‌كه‌ كرد كه‌ چی به‌ سه‌ر هاتووه‌ و بۆچی ئه‌و پرسیاره‌یه‌ ده‌كات ؟ ، ژنه‌كه‌ ووتی : من بێوه‌ژنم و سێ كچم هه‌یه‌ كه‌ من به‌ ئیشی ڕستنی ده‌ستم بژێوییان دابین ده‌كه‌م ، دوێنێ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌ستی خۆم له‌ پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كه‌دا توند قایمكرد و وویستم بیبه‌م بۆ بازاڕ بۆ فرۆشتن و به‌ پاره‌كه‌ی خه‌رجی پێداویستی منداڵه‌كانمی پێ دابین بكه‌م ، كاتێك بینیم له‌ ناكاو باڵنده‌یه‌ك خۆی پیاكێشام و پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كه‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌ستمی برد و ڕۆیشت ، منیش به‌ غه‌مناكی و به‌ ده‌ستی به‌تاڵه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ كه‌ هیچم ده‌ستنه‌كه‌وت بۆ منداڵه‌كانمی ببه‌مه‌وه‌ ، له‌و وه‌خته‌دا كه‌ ژنه‌كه‌ له‌ قسه‌ دابوو لە گێڕانەوەی بە سەرهاتەکەی خۆی له‌ گه‌ڵ داود پێغه‌مبه‌ر ( سڵاوی خوای له‌ سه‌ربێت ) ، له‌ ده‌رگای ماڵی  داود پێغه‌مبه‌ر ( سڵاوی خوای له‌ سه‌ربێت ) درا و ؛ ئه‌ویش مۆڵه‌تی دا به‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ ، بینیان ( 10 ) ده‌ بازرگان هاتنه‌ ژووره‌وه‌ و هه‌ر یه‌كێكیان ( 100 )سه‌د دینار له‌ ناو ده‌ستی دایه‌ و ؛ ووتیان ئه‌ی داود ئه‌و پارانه‌ بده‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌ژارن و ده‌ستكورتن و شایه‌نی وه‌رگرتنی ئه‌و پاره‌یه‌ن ، داود پێغه‌مبه‌ر ( سڵاوی خوای له‌ سه‌ربێت ) پێی ووتن هۆكاری ئه‌وه‌ چی بوو كه‌ ئه‌و ماڵه‌تان ببه‌خشن ؟ ، ووتیان ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا : ئێمه‌ له‌ ناو كه‌شتییه‌كدا بووین له‌ ده‌ریادا ، بایه‌كی توند هه‌ڵیكرد و ؛ بەهۆی ئەوەی عەیبێك لە کەشتییەکەماندا هەبوو ؛ کونێکی تێببوو و ؛ ئاو دزەی دەکردە ناو کەشتییەکەمان و ؛ خه‌ریك بوو نوقم ببین له‌ ده‌ریادا ، له‌ ناكاو باڵنده‌یه‌ك له‌ ئاسماندا پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كی سووری بۆ فڕێداین كه‌ به‌رهه‌می ده‌ستی ڕستنی له‌ناودا بوو كه‌ توانیمان به‌ هۆیه‌وه‌ عه‌یبی كه‌شتییه‌كه‌ چاك بكه‌ینه‌وه‌ و ؛ ئیدی بایه‌كه‌ ووردە ووردە نه‌رم بووه‌وه‌ و ؛ توانیمان هیوایه‌ك بۆ خۆمان به‌ ده‌رچوون له‌و ناخۆشییه‌ دروست بكه‌ین و نه‌زرمان كرد له‌ سه‌ر خۆمان كه‌ هه‌ر یه‌كێكمان ( 100 ) سه‌د دینار بكاته‌ خێر و سه‌ده‌قه‌ ، ئێستاش ئه‌و پارانه‌مان هێناوه‌ته‌ به‌ر ده‌ستی تۆ ، تۆش به‌ وویستی خۆت بیبه‌خشه‌ ، داود پێغه‌مبه‌ر ( سڵاوی خوای له‌ سه‌ربێت ) ئاوڕی به‌ ڕووی ئافره‌ته‌كه‌ دایه‌وه‌ و پێی ووت : خودایه‌ك له‌ ووشكانی و ده‌ریادا بازرگانیت بۆ ده‌كات و تۆش به‌ زۆرداری داده‌نێیت ؟!!! ، ئینجا داود پێغه‌مبه‌ر ( سڵاوی خوای له‌ سه‌ربێت ) ( 1000 ) هه‌زار دیناره‌كه‌ی دایه‌ ئافرته‌كه‌ و پێی ووت : ئه‌مه‌ له‌ دابینكردنی بژێوی ژیانی منداڵه‌كانت خه‌رج بكه‌ .
ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر جوان و پڕ ده‌لاله‌ته‌ و ، گوزارشت له‌ ڕاده‌ی بێسنووری دادپه‌روه‌ری خودای په‌روه‌ردگار ده‌كات ، ئه‌گه‌ر كه‌سانێكیش باوه‌ڕیان وابێت ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ و ئه‌ساسی نییه‌ ، ئه‌وا ده‌توانین سوود له‌ ماجه‌رای چیرۆكه‌كه‌ وه‌ربگرین و ؛ به‌ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ئایه‌ت و فه‌رمووده‌ به‌راوردی بكه‌ین ته‌نانه‌ت بیكه‌ین به‌ ڕاڤه‌ بۆ چه‌ندین ئایه‌ت و فه‌رمووده‌ و ، ئیدی ده‌توانین ئه‌وه‌ یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ خودای گه‌وره‌ دادپه‌روه‌رترین دادپه‌روه‌ره‌ و دوورترینیشه‌ له‌ سیفه‌تی زۆرداریی .

إرسال تعليق