چه‌شنی هه‌ر بابه‌تێكی تر، بابه‌تی ئیسڕا و میعراج به‌ده‌ر نه‌بووه له بوونی بۆچوونی جیاواز له سه‌ر وورده‌كارییه‌كانی، كه ئه‌مه شتێكی سروشتییه ته‌نانه‌ت ده‌ستنیشانكردنی كۆمه‌ڵێك خاڵی ئیجابیانه‌ی هاوبه‌شی به‌دوادادێت، لێ زۆرجاریش بابه‌تێكی گرینگ و هه‌ستیاری له‌و ئاست و قه‌باره‌یه، زه‌قبوونه‌وه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كان و پووكانه‌وه‌ی لایه‌نه گرینگه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه، كه ئه‌مه‌یان به خراپ بۆ ڕاڤه‌كردنی خودی په‌یامی ڕووداوه‌كه و هه‌مدیس بۆ ناحاڵیبوونی موسڵمانان له گه‌وهه‌ری هۆكار و ئامانجه‌كانی ده‌شكێته‌وه، وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕوونتر ئامانجی خۆم له سه‌ر ئه‌و نووسینه بخه‌مه‌ڕوو، ده‌مه‌وێت له سه‌ر ئه‌وه بدوێم ئاخۆ (ئیسرا و میعراج) ده‌چێته چوارچێوه‌ی موعجیزاته‌كانه‌وه یان نا؟، وه ئایا باسكردنی خودی ڕووداوی ئیسڕا و میعراج له قورئانی پیرۆز، به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی كاركردنمان له سه‌ر ڕاڤه‌كردنی پێشه‌كی و ده‌ره‌نجامه مه‌زنه‌كانی چڕ بكه‌ینه‌وه نه‌وه‌ك كار بكه‌ین بۆ دابه‌شبوونێكی زیانبه‌خشانه كه هیچ خزمه‌تێكی تێدا نییه بۆ گێڕانه‌وه‌ی كرۆكی ڕووداوه‌كه؟!!.
سه‌ره‌تا به گرینگی ده‌زانم هه‌ڵوه‌سته له سه‌ر ووشه‌ی (موعجیزه) بكه‌م و، ئاماژه به‌وه بكه‌م كه ووشه‌ی(موعجیزه) زاراوه‌یه‌كی قورئانی و پێغه‌مبه‌ریی نییه، به‌ڵكه دانراوی مرۆڤه‌كانه كه وه‌ها پێناسه‌یان كردووه: كارێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره، خودای گه‌وره له سه‌ر ده‌ستی یه‌كێك ده‌ریده‌خات كه داوای پێغه‌مبه‌رێتی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌كه‌یدا ببێته به‌ڵگه‌ی ڕاستگۆیی بانگه‌شه و بانگه‌وازییه‌كه‌ی.
به گوێره‌ی ئه‌و پێناسه‌كردنه‌ی سه‌ره‌وه بێت، ده‌بێت ئه‌و كاره له به‌رده‌می ئه‌واندا (نه‌ته‌وه‌كه‌ی) ڕووبدات، به چاوی خۆیان ڕووداوه‌كه و ئه‌نجامه‌كانی بیبینن، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت، ئه‌وه موعجیزه نییه، بۆ نموونه: ئه‌گه‌ر كه‌سێك باسی ئه‌وه‌ی كرد له خه‌ڵوه‌تدا شتێك له سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا ڕوویداوه و، شته‌كه‌ش باو نه‌بوو و به‌ده‌ر بوو له نه‌ریته باوه‌كانی ناو خه‌ڵك، ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌و شته‌ی ئه‌و كه‌سه باسیكردووه به درۆ ناوی ببه‌ن و، له باوه‌ڕ نه‌كردن به ڕوودانی ئه‌و شته، پاساوی خۆیان هه‌بێت.
لێره‌شدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه ڕوون بكه‌مه‌وه كه كه‌سێك ڕووداوێك (كه له قورئان و فه‌رمووده‌دا باسكراوه) به درۆ له قه‌ڵه‌م بدات، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه ده‌كه‌وێته گێژاوی نه‌فامی و گومڕایێكی ئاڵۆزه‌وه، به‌ڵام به درۆ دانانی ڕووداوێك به بیانووی به دوورزانینی ڕوودانی (به‌هۆی نامۆیی و زه‌حمه‌تییه‌كه‌ی)، ڕه‌نگه ئه‌مه‌یان نه‌فامی و گومڕایه‌تیێكی گه‌وره‌تر بێت، چونكه خودای په‌روه‌ردگار ئه‌گه‌ر وویستی ئه‌نجامدانی شتێكی هه‌بوو، هیچ ڕێگرییه‌ك له به‌رده‌م وه‌دیهاتنییدا نییه.
با واز له‌و گریمانه‌یه بێنین و باكمان نه‌بێت له‌و كه‌سانه‌ی پێغه‌مبه‌ر (دخ) به درۆ ده‌خه‌نه‌وه و كار و وویستی خودایی به دوور ده‌زانن، لێره‌دا جێی خۆیه‌تی ئه‌وه له هزری خۆمان دابنێین كه هه‌موو كارێكی خودای گه‌وره موعجیزه‌ن، هه‌ر له باڵی پێشووله‌وه تا ده‌گاته گه‌له‌كسییه زله‌كان، ئه‌رێ ئێوه چ شتێك له‌و گه‌ردوون و بوونه‌وه‌رانه‌دا به موعجیزه نازانن؟، هه‌موو شتێكی بچووك و گه‌وره له‌م گه‌ردوونه‌دا خۆی له‌خۆیدا موعجیزه‌یه‌كی ته‌واوه، وه‌كو چۆن خه‌ڵك ده‌سته‌وه‌ستانن له ئاست دروستكردنی ته‌نانه‌ت گه‌ردیله‌یه‌كیش، به هه‌مان شێوه‌ش ده‌سته‌وه‌ستانن له دروستكردنی شاخ و ده‌ریایه‌كدا .
وه هیچ سوودێكی تێدا نییه كه لێره‌دا ئه‌وه دووباره بكه‌ینه‌وه كه نیشانه‌ی خودایی(موعجیزه) هیچ نرخ و ده‌لاله‌تێكی نییه ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌و كه‌سه بیبینێت كه له سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا په‌یدابووه، چونكه ئه‌وانه‌ی به درۆ له قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن، ڕێگرییان لێده‌كرێت له‌وه‌ی به درۆ له قه‌ڵه‌می بده‌ن، ئه‌وانه‌شی به‌ڕاستی ده‌زانن، پێش و پاش په‌یدابوونیشی، باوه‌ڕیان پێی هه‌بووه و به‌لایانه‌وه گرنگ نییه بیبینن یان نا.
هه‌روه‌كو چۆن موعجیزه‌كه ئه‌گه‌ر فاكته‌رێكی بنیاتنه‌ر نه‌بووبێت له ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕاستگۆیی بانگه‌شه و بانگه‌وازی كه‌سه‌كه، ئه‌وا به‌كارێك هه‌ژمار ده‌كرێت كه هیچ حیكمه‌تێكی تێدا نییه، ئه‌و كاته‌ش ده‌بێته له‌مپه‌رێك له به‌رده‌م كه‌سه بانگه‌شه‌كار و بانگه‌وازیكاره‌كه‌دا، ته‌نانه‌ت ده‌بێته فیتنه‌یه‌كی توندیش بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی، له ڕاستییدا ئه‌وه نابێته به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون، به‌ڵكه ده‌بێته فاكته‌رێكی شڵه‌ژێنه‌ر .
ئه‌وه‌ی جێی خۆیه‌تی لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ بكرێت ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێك پیاوی ئایینی وا گومان ده‌به‌ن كه هه‌ندێك شتی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر هه‌ن كه له موعجیزات ده‌چن و به (استدراج) ناوزه‌دیان ده‌كه‌ن، چونكه له سه‌ر ده‌ستی كه‌سانی درۆزن ڕووده‌ده‌ن تاوه‌كو زیاتر له بۆته‌ی درۆكردندا بتوێنه‌وه، له ڕاستییدا ئه‌مه بوختانێكی ناڕه‌وایه بۆ خودای گه‌وره‌ی هه‌ڵده‌به‌ستن كه میهره‌بانانه مامه‌ڵه له گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كات و گومڕایی و فروفێڵی ناوێت بۆ ئه‌وان، وه‌كو چۆن ئه‌و (استدراج)ه هه‌ندێك خه‌ڵكی بێ‌تاوان ئه‌خاته هه‌ڵه‌وه كه هیچ توانایه‌كیان نییه بۆ خۆپاراستن لێی.
زۆر له زانایان ده‌ڵێن قورئانی پیرۆز موعجیزه‌ی هه‌ره‌گه‌وره‌ی پێغه‌مبه‌ره (دخ)، ئه‌مه‌یان زۆر ڕاست و ته‌واوه چونكه قورئانی پیرۆز هه‌رچه‌نده به زمانی عه‌ڕه‌بییه، لێ عه‌ڕه‌به‌كان تاوه‌كو ئیمڕۆش نه‌یانتوانیووه وێنه‌یه‌كی ئه‌و قورئانه بهێنن، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر، بۆ عه‌ڕه‌به‌كان و غه‌یری عه‌ڕه‌به‌كانیش، هه‌موو جیهانیان ناتوانن یاسایه‌كی گشتگیر و، حیكمه‌تێكی گه‌وره و، نموونه‌یه‌كی ووردبینانه و، بیروباوه‌ڕێكی پاك و خاوێنانه و، پێناسه‌كردنێكی شایسته‌ی خودای په‌روه‌ردگار و، هتد ... هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له یه‌ك تاقه سوڕه‌تی كورتی قورئاندا هه‌یه بهێنن.
ئا ئه‌مه موعجیزه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه، خۆر هه‌ڵدێت و ئاوا ده‌بێت، لێ خۆری قورئان ده‌مێنێته‌وه و دونیا پڕ ده‌كات له هیدایه‌ت و خۆشبه‌ختی بۆ ئه‌وانه‌ی هیدایه‌ت و خۆشبه‌ختییان ده‌وێت، گریمان ڕووداوی شه‌وڕه‌و و به‌رزبوونه‌وه ته‌نها به جه‌سته بووه، خۆ ئه‌وه ئیعجازی زیاتری نه‌ده‌به‌خشییه ده‌لاله‌تی ڕووداوه‌كه، چونكه هاتنه‌دی ئه‌و شتانه‌ی كه ڕووداوه‌كانی ئیسڕا و میعراج ئاماژه‌ی بۆ كردوون و، ته‌ئویلكردنی ئه‌وه‌ی له‌و ڕووه‌وه هاتووه، كاركردنی به هه‌زاران له له‌شكری خودا ده‌خوازێت.
ڕیوایاته‌كانی ڕووداوی ئیسڕا و میعراج بۆمان ده‌گێڕنه‌وه كه جوبرائیل و فریشته‌یه‌ك یان دووان به‌شداربوونه له ڕووداوی هه‌ڵدڕینی سینه‌ی پێغه‌مبه‌ر (دخ) و گه‌شته ئاسمانی و گه‌شته زه‌مینییه‌كه، لێ ئه‌وه فه‌رمووده‌كانن پێمان ده‌ڵێن كه حه‌فتا هه‌زار فریشته له گه‌ڵ سوڕه‌تی (كهف) دابه‌زیوونه‌ته سه‌ر زه‌وی له سه‌روویانه‌وه فریشته‌ی وه‌حی كه ئه‌ركیان پاسه‌وانیكردنی سوڕه‌ته‌كه بووه تاوه‌كو ئه‌و هه‌واڵه غه‌یبییانه به‌دیبێن كه سوڕه‌ته‌كه ئاماژه‌ی بۆ كردوون، به‌ڵكه هه‌زاران فریشته له جه‌نگی گه‌وره‌ی (به‌در) دابه‌زیوونه‌ته سه‌ر زه‌وی، وه خوای گه‌وره له دوای جه‌نگی (ئوحود) به‌لێنی به ئیمانداراندا به پێنج هه‌زار فریشته پشتگیریان بكات، له‌و هه‌قیقه‌تانه‌شدا، ئه‌و ڕووداوانه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بن كه پێویستیان به كۆمه‌كی ئاسمانی هه‌بووه زۆر زیاتر له‌و كۆمه‌كه‌ی كه ڕووداوی ئیسڕا و میعراج پێویستی پێی هه‌بووه.
بۆیه بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ست نییه به نامۆیی و سه‌ختیی و مومكین بوونی ڕوودانییه‌وه، چونكه ژیانی حه‌زره‌ت (دخ) له هه‌ر ڕۆژێكییدا، پڕییه‌تی له ڕووداوی گه‌وره گه‌وره كه مرۆڤێك به ته‌نها ناتوانێت به‌دیانبهێنێت ئه‌گه‌ر پشتیوانی له‌شكری خودای گه‌وره‌ی له گه‌ڵ نه‌بێت، بۆیه جه‌نگی سووربوون له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ردوو گه‌شته‌كه به جه‌سته بوونه، یان نكۆڵیكردنی خودی گه‌شته‌كه، جه‌نگێكی باتڵه له نێوان هه‌ردوولای جه‌نگه‌كه‌دا و، هه‌ردووكیان له هه‌قیقه‌تی ڕووداوی ئیسڕا و میعراج تێنه‌گه‌یشتوون، كه‌چی دواتر هه‌ردوولا هاتوون به به‌ڵگه‌گه‌لێكه‌وه دژ به‌یه‌ك وه‌ستاونه‌ته‌وه كه به‌ڵگه‌كانیان له سه‌ر ئه‌و پێشه‌كییه دوورانه وه‌ستاون كه ته‌واو دوورن له واقیع و هه‌قیقه‌ته‌كانی ڕووداوه‌كه .
بۆیه ئێمه لێره‌دا به‌و كه‌سانه‌ی كه نكۆڵی ئه‌و ڕووداوانه ده‌كه‌ن، ده‌ڵێین: ئه‌و ڕووداوانه جه‌سته‌یی و مادیی نین، بۆیه په‌له مه‌كه له نكۆڵیكردنیان، به‌ڵكه ئه‌و ڕووداوانه ئاماژه‌ی ڕۆحین كه هه‌ڵگری ئیعجازێكی زۆر گه‌وره‌ترن له‌و جووڵه مادییانه‌ی كه نكۆڵییان لێده‌كه‌ی، وه به‌و كه‌سانه‌ش كه ده‌ڵێن ئه‌و ڕووداوانه گه‌شتی جه‌سته‌یین، ده‌ڵێین: له سه‌رخۆ به، چونكه تۆ هیچ كه‌ڕامه‌ت و شكۆمه‌ندییه‌كی زیاتر به پێغه‌مبه‌ر (دخ) نابه‌خشیت، چونكه ئه‌وه‌ی تۆی پێیه‌وه گیرۆده بوویت له پێداگیریت له سه‌ر بۆچوونه‌كه‌ت له‌م بابه‌ته‌وه، له واقیعدا شتێك نییه كه له‌پاڵ ئه‌و پایه‌به‌رزییه‌ی حه‌زره‌ت باسبكرێت كه شایه‌نییه‌تی، وه ئه‌و جووڵه جه‌سته‌ییانه له‌و پایه‌دا نین كه پله‌ی هه‌ڵبژێردراوانی خودا به‌رز بكاته‌وه، به‌ڵكه له چاوی كه‌سانی لاواز و ساده‌دا شتی گه‌وره‌ن و هیچی تر نا .
نووسینی/ بەڕێوبەری ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق