Ads (728x90)

حوكمی دواخستنی زه‌كات به‌ پاساوی شه‌رعییه‌وه‌
ئه‌گه‌ر پیاوێك هه‌ندێك پاره‌ی كۆكرده‌وه‌ و ڕێژه‌كه‌ی له‌و ئاسته‌دا بوو كه‌ زه‌كاته‌كه‌ی لێ ده‌ربكات و ساڵێك به‌ سه‌ریدا ڕۆیشت، به‌ڵام گرفتی ئه‌وه‌ی بۆ دروستبوو ئه‌گه‌ر زه‌كاته‌كه‌ ده‌ربكات پاره‌كه‌ی به‌شی ماره‌یی و پێویستییه‌كانی ژنهێنان یان چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ناكات یان به‌ هۆی هه‌ژارییه‌وه‌ بژێوی و گوزه‌رانه‌که‌ی لێ تێكده‌چوو، ئایا دروسته‌ بۆی زه‌كاته‌كه‌ دوابخات له‌و حاڵەتانه‌دا و وه‌كو قه‌رز به‌ سه‌ریه‌وه‌ بمێنێ؟، یان دروست نییه‌؟.

بۆ وه‌ڵامی ئەو پرسیارە گرنگە، بە پشتبەستن بە فەتوا و ڕوونکردنەوەی زانایانی شەرعزان دەڵێین:

یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر ماڵێك گه‌یشته‌ ڕێژه‌ی لێ ده‌ركردنی زه‌كات و ساڵێك به‌ سه‌ریدا ڕۆیشت، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ زه‌كاته‌كه‌ ده‌ربكرێ و دروست نییه‌ دوابخرێ، ئیمامی “نه‌وه‌وی” ڕه‌حمه‌تی خوای له‌ سه‌ربێت فه‌رموویه‌تی: ئه‌گه‌ر زه‌كات له‌ ماڵ و سامانی كه‌سێكدا واجب بوو و توانای هه‌بوو لێی ده‌ربكا، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ لێی ده‌ربكا و دروست نییه‌ دوایبخات، مالك و جمهوری زانایانیش وایان ووتووه‌ له‌ به‌ر ئه‌و ئایه‌ته‌ (وآتوا الزكاة) فه‌رمانه‌كه‌ش بۆ ده‌ستبه‌جێییه‌  المجموع / به‌رگی سێیه‌م _ لاپه‌ڕه‌ 308).

دووه‌م: ئه‌گه‌ر موسڵمانێك پێویستی به‌و ماڵ و پاره‌یه‌ هه‌بوو، كه‌ وه‌كو زه‌كات ده‌ریده‌كات، ئەویش بەهۆی بژێوی ژیان یان هاوسه‌رگیریی یان چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی یان شتێكی له‌م بابه‌تانه‌، دروسته‌ بۆی لێده‌ركردنی زه‌كاته‌كه‌ دوابخات تاوه‌كو پاساوه‌كه‌ی ده‌ڕوات، زانایانیش ڕه‌حمه‌تی خوایان لێبێت ده‌قیان هێناوه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌ر دروستی دواخستنی زه‌كات به‌ هۆی پێویستییه‌وه‌، “المرداوی” له‌ په‌رتووكی "الانصاف" به‌رگی سێیه‌م _ لاپه‌ڕه‌ 187" ده‌فه‌رمووێت: دروسته‌ بۆی زه‌كاته‌كه‌ی دوابخات ئه‌گه‌ر پێویستی پێبوو و هه‌ژار و ده‌ستكورت بوو و به‌ لێده‌ركردنی زه‌كاته‌كه‌ هاوسه‌نگیی بژێوی ژیان و گوزه‌رانییه‌كه‌ی تێكده‌چوو، (ئیمام احمد ده‌قی به‌ سه‌ر ئه‌مه‌دا هێناوه‌ته‌وه‌)، بەڵام له‌و كاته‌ی گوزه‌ران و بژێوییه‌كه‌شی باشبوویەوە، پێویستە دەستبەجێ زه‌كاته‌كه‌ی لێ دەربکات، له‌ په‌رتووكی "الكشاف القناع / به‌رگی دووه‌م ـ لاپه‌ڕه‌ 255" دا هاتووه‌ : دروست نییه‌ زه‌كاتی ماڵ دوابخرێت له‌ كاتی واجب بوونیدا و توانای لێده‌ركردنه‌كه‌شی هه‌بوو، به‌ڵكو پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ زه‌كاته‌كه‌ی لێ بدات، ته‌نها له‌و باره‌دا نه‌بێت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی زه‌كاته‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ له‌ زیانێك بترسێت ئه‌گه‌ر زه‌كاته‌كه‌ بدات، له‌و حاڵه‌ته‌دا دروسته‌ دوابخرێت، ئه‌وه‌ ده‌قی به‌ سه‌ردا هێنراوه‌ته‌وه له‌ به‌ر فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر (دخ) كه‌ ده‌فه‌رمووێت (لا ضرر و لا ضرار)، واته‌ زیان له‌ خۆتان وه‌ له‌ خه‌ڵكیش مه‌ده‌ن، یان له‌  بارێكی دیكه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌ن زه‌كات هه‌ژار بوو و پێویستی به‌ زه‌كاته‌كه‌ هه‌بوو و به‌ زه‌كات دانه‌كه‌ هاوسه‌نگی گوزه‌ران و بژێوییه‌كه‌ی تێكده‌چوو، ئه‌وا له‌و كاته‌ی گوزه‌ران و بژێوییه‌كه‌ی باشبوو، دەستبەجێ زەکاتەکەی لێی وه‌رده‌گیرێت، چونكه‌ پاساوه‌كه‌ی نامێنێ، "ته‌واو".

به‌ پشتبه‌ستن به‌م ڕاستییانه‌ی سه‌ره‌وه‌، دروسته‌ بۆ كه‌سێك كه‌ له‌ باری هاوسه‌رگیریكردن یان چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی دایه‌، یان شتێكی زه‌رووری له‌م بابه‌ته‌، زه‌كاته‌كه‌ی دوابخات، به‌ڵام وه‌كو قه‌رزێك له‌ ئه‌ستۆیدا ده‌مێنێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی باری بژێوی ژیان و گوزه‌رانی خۆش ده‌بێت، ئه‌و کاته‌ دەستبەجێ زه‌کاته‌که‌ی ده‌دات، والله تعالی أعلم.

إرسال تعليق