Ads (728x90)

فاڵگرەوەكان چەواشەكاری دەكەن بەناوی ئایین
موفتی تونس، "عوسمان بەتتیخ"، هۆشداریدا لە پەنابردنی موسڵمانان بۆ فاڵگرەوەكان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەوان چەواشەكاری دەكەن بەناوی ئایین و، كارەكانیان بریتیە لە فریودانی خەڵک لە پێناو بەدەستهێنانی پارە و پوول.

لە فەتوایەكی نوێدا، كە چوارشەممەی ڕابردوو بڵاویكردووەتەوە، موفتی تونس دەڵێت: ئەوەی جادووگەر و فاڵگرەوەكان و پزیشكە ڕۆحانییەكان دەیكەن، هیچ بنەمایەكی دروستی نییە، بەڵكو چەواشەكردن و فریودانی خەڵكە لە پێناو بەدەستهێنانی پارە و پوول.

"عوسمان بەتتیخ" لە فەتوا تازەكەیدا دەڵێت: فاڵگرەوەكان وا لە خەڵک دەگەیەنن، كە دەتوانن لە نەخۆشی چاكیان بكەنەوە و كێشەكانیان چارەسەر بكەن، لە كاتێكدا شتە نادیارەكان بەس خوای گەورە پێیان ئاگادارە، فاڵگرەوەیەكیش ئەگەر بانگەشەی زانینی نادیارەكان بكات، ئەوە فریودانی هەستی خەڵكە.

ناوبراو بەڵگە بۆ قسەكانی بەوە دێنێتەوە، كە لە قوڕئانی پیرۆزدا شەش ئایەتی ناسراو هەن، كە بە ئایەتی شیفا و چاكبوونەوە لە نەخۆشییەكان ناسراون، كە هەر نەخۆشێک بە بەردەوامی بیانخوێنێتەوە و بە نیەتێكی پاكەوە لە خوای گەورە بپاڕێتەوە، خوای تەعالا شیفای دەدات، بۆیە موسڵمانی ڕاستەقینە مادام قوڕئانی پیرۆزی لەبەر دەستە پێویستی بە فاڵگرەوە و پزیشكی ڕۆحانی نییە.

جێگەی ئاماژەپێدانە كە وڵاتی تونس یەكێكە لەو وڵاتە كەمانەی كە مۆڵەت بە كاری فاڵگرتنەوە دەدات، ئەوەش وایكردووە پیشەی فاڵگرتنەوە ڕوو لە گەشەكردن بێت و فاڵگرەوەكان داهاتێكی دارایی باشیان لەو ڕێگەیەوە دەستبكەوێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كاری فاڵگرتنەوە لە وڵاتە عەڕەبی و ئیسلامییەكان قەدەغەیە.

إرسال تعليق