Ads (728x90)

بۆچی خوای گەورە بەڕۆژووبوونی لە مانگی ڕەمەزاندا فەڕز کردووە؟
باسکردن لەو نهێنی و مەبەستەی کە خوای گەورە لە پێناویدا بەڕۆژووبوونی لە مانگی ڕەمەزاندا لەسەرمان فەڕز کردووە، باسێکی گرنگە، زانایانیش بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو باسە دەربڕیووە و دەڵێن:

"حیکمەتی زۆر گەورە لە بەڕۆژووبووندا هەن، نهێنی پیرۆزی تێدا هەن، ئامانجی بەرزی تێدا بەدیدەکرێن کە هەندێکیان دیار و هەندێکیشیان شاراوەن، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەو نهێنی و مەبەستەیە کە لە دووتووێی فەرمایشتی خوای گەورەدا بەرجەستە دەبێت، کاتێک لە ئایەتی 183 لە سوڕەتی (البقرە) دەفەرمووێت: (لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ)، لێرەدا حیکمەتی بەڕۆژووبوون لە مانگی ڕەمەزان دەبینرێت، چونکە بەڕۆژووبوون یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکانی تەقواکارییە، چونکە گوێڕایەڵبوونی فەرمانی خوای گەورە و خۆپاراستن لە قەدەغەکراوەکانی تێدایە.

شاراوەش نییە کە تەقواکاریی وەسیەتی خوای تەعالایە بۆ بەندەکانی، بەڕۆژووبوونیش چەند دەلالەتێکی دیاری پارێزکاری (تەقوا)ـی تێدایە، کە دەتوانین لە چەند خاڵێکدا بیانخەینەڕوو:

یەکەم/ ڕۆژووەوان وازدێنێت لە قەدەغەکراوەکانی خوای گەورە لە مانگی ڕەمەزان، لە خواردن و خواردنەوە و سەرجێیی شەرعی هاوسەران و ئەو شتانەی دیکە کە ئارەزوویان دەکات، کە مەبەستیشی لەمانە نزیکبوونەوەیە لە خوای گەورە و بەدەستهێنانی پاداشتەکەی، ئەوەش وێنەیەکی گەورەیە لە پارێزکاری (تەقوا).

دووەم/ ڕۆژووەوان خۆی لەسەر ئەوە ڕادەهێنێت کە خوای گەورە چاودێری دەکات، بۆیە وازدەهێنێت لە ئارەزووەکانی لەگەڵ ئەوەش توانای لەسەریان هەیە، چونکە دەزانێت خوای گەورە ئاگاداری پێی هەیە، ئەوەش وێنەیەکی گەورەیە لە پارێزکاری (تەقوا).

سێیەم/ بەڕۆژووبوون ڕێڕەوەکانی شەیتان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە فریودانی مرۆڤ بەرتەسک دەکاتەوە، بە بەڕۆژووبوونیش دەستەڵاتی شەیتان بەسەر مرۆڤ لاواز دەبێت و ئیرادەی مرۆڤ بەهێز دەبێت و لە تاوان و گوناهـ دوور دەکەوێتەوە، ئەوەش وێنەیەکی گەورە لە پارێزکاری (تەقوا).

چوارەم/ بە زۆری وایە ڕۆژووەوان تاعەت و عیبادەتەکانی زیاد دەبن، تاعەت و عیبادەتیش لە تایبەتمەندییەکانی پارێزکاری (تەقوا)ـیە.

پێنجەم/ دەوڵەمەند کاتێک چێژی برسییەتی دەکات، بەزەیی بە هەژاراندا دێتەوە و هاوسۆز و هاوخەمیان دەبێت و یارمەتییان دەدات، ئەوەش خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی پارێزکاری (تەقوا).

شەشەم/ بەڕۆژووبوون تاعەتی خوایە، و گوێڕایەڵبوونی فەرمانی خوای گەورە و خۆپاراستن لە قەدەغەکراوەکانییەتی، پەرستشێکە لە گەورەترین پەرستشەکان، چونکە خوای گەورە داویەتە پاڵ خۆی، و بەڵێنی پاداشتی ڕەهاشی بۆ داوە، چونکە پەرستشێکە لە نێوان خۆی و بەندەکانییەتی، ئەوەش یەکێکە لە گەورەترین ئەمانەتەکان، ئەوەش خۆی لە خۆیدا وێنەیەک لە وێنەکانی پارێزکاری (تەقوا) دەنوێنێت.

حەوتەم/ لە بەڕۆژووبووندا وانەیەکی زانستی هەیە لەسەر خۆڕاهێنان لەسەر بەرگەگرتنی ناخۆشی و ناڕەحەتییەکان و هەلومەرجە سەخت و دژوارەکان، ئەوەش خۆی لە خۆیدا سیفەتێکە لە سیفەتەکانی پارێزکاران (تەقواکاران).

هەشتەم/ لە بەڕۆژووبووندا ئارامگرتن و دان بە خۆداگرتن هەیە، ئەوەش سیفەتێکی بەرزە و کۆکەرەوەی هەموو سیفەتە بەرزەکانە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا سیفەتێکە لە سیفەتە جوانەکانی پارێزکاران (تەقواکاران).

نۆیەم/ لە بەڕۆژووبووندا ڕەوحانییەتێک هەیە کە ڕۆژووەوان هەستی پێدەکات، چونکە لە چوارچێوەی شتە ماددییەکان دوور دەکەوێتەوە، بەوەش هەست بە نزیکبوونەوە لە خوای تەعالا دەکات، ئەو نزیکبوونەوەیەش خۆی لە خۆیدا وێنەیەک لە وێنە جوانەکانی پارێزکاری (تەقوا) نیشاندەدات.

دەیەم/ گومان لەوەدا نییە کە لە بەڕۆژووبووندا کۆئەندامی هەرسکردن بۆ ماوەیەک پشوو دەدات، بەوەش ئەو بەشە گرنگەی جەستەی مرۆڤ چالاکی و بەهێزییەکەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئیدی ڕۆژووەوان خۆی تەرخان دەکات بۆ نزیکبوونەوە لە خوای تەعالا، ئەو نزیکبوونەوەیەش وەکو باسمانکرد خۆی لە خۆیدا وێنەیەک لە وێنە جوانەکانی پارێزکاری (تەقوا) نیشاندەدات.

إرسال تعليق