Ads (728x90)

تایبەتمەندییەكی نوێی سامسۆنگ بۆ گالاكسی S7، كە لە ئایفۆن وەرگیراوە
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، كۆمپانیای "سامسۆنگ"ـی کۆری توانی خۆی بخاتە پلەی یەكەم لە ڕیزبەندی مۆبایلە هۆشمەندەكان، بە جۆرێک كە هیچ كۆمپانیایەک بە قەد كۆمپانیای سامسۆنگ ژمارەیەكی زۆر لە مۆبایلە هۆشمەندەكان لە ماوەی ساڵێكدا ناخاتە بازاڕەكانەوە.

بەڵام ئەوەی سەرنجی لێدەدرێت، ئێستا وەک جاران مۆبایلەكانی سامسۆنگ بەلای بەكارهێنەرانەوە سەرنجڕاكێش نین، وەک چۆن لە پێشوودا بەكارهێنەرانی بۆ لای خۆی كەمەندكێش دەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستاش بە دەیان ملیۆن كەس هەن بەرهەمەكانی ئەو كۆمپانیایە دەكڕن.

ئینجا سەرەڕای ئەوەی مۆبایلی گالاكسی S7 خاوەن چەندین تایبەتمەندی تایبەت بە كۆمپانیا كۆرییەكەیە، بەڵام هەندێكیان لە مۆبایلەكانی ئایفۆن وەرگیراون، ئەوەشی مایەی پێكەنینە ئەوەیە، كە كۆمپانیای سامسۆنگ لە كاتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی گالاكسی S7 و گالاكسی ئیدگ، باسی لەو تایبەتمەندییانە نەكردووە!.

یەكێک لەو تایبەتمەندییانە Live Phots ە، كە ڕێگە بە بەكارهێنەرانی ئایفۆن S6 دەدات لە كاتی وێنەگرتن، پارچە ڤیدیۆیەک تۆمار بكەن، ئینجا لە پاش ئەوەی بەكارهێنەر پەنجەی بە شێوەیەكی بەهێز لەسەر وێنەكە دادەگرێت پارچە ڤیدیۆیەکە دادەگیرسێت، كۆمپانیای سامسۆنگیش هەڵساوە بە زیادكردنی تایبەتمەندییەكی تازەی هاوشێوە لە مۆبایلی گالاكسی S7، بەڵام بۆ داگیرساندنی پارچە ڤیدیۆیەکە پێویستە بەكارهێنەر پەنجەی لەسەر ئایكۆنێكی بچووک دابگرێت، لەبەر ئەوەی ئەو مۆبایلانە تەكنەلۆژیای 3D Touch یان تێدا نییە.

 بێجگە لەوەش، كۆمپانیای سامسۆنگ هەڵساوە بە زیادكردنی تایبەتمەندییەكی دیكەی ئایفۆن بۆ سەر مۆبایلە تازەكانی، چونكە مۆبایلەكانی ئایفۆن تایبەتمەندییەكیان تێدایە كە هەڵدەستێت بە ڕۆشنكردنەوەی شاشەی مۆبایل لەو كاتەی بەكارهێنەر وێنەیەكی سیلڤی دەگرێت، كۆمپانیای سامسۆنگیش هەڵساوە بە زیادكردنی هەمان تایبەتمەندی بۆ مۆبایلەكانی.

إرسال تعليق