Ads (728x90)

خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا باسی ئەوە دەکات، کە ژمارەی مانگەکان لەلای خوای گەورە لەو ڕۆژەوەی زەمین و ئاسمانی دروستکردووە، بریتییە لە دوازدە مانگ:

"إِنَّ عِدَّةَ الشُّهُورِ عِنْدَ اللَّهِ اثْنَا عَشَرَ شَهْرًا فِي كِتَابِ اللَّهِ يَوْمَ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ".

دیارە مەبەستیش لەو دوازدە مانگە مانگەکانی ساڵی کۆچییە، بۆیە لێرەدا نهێنی ناولێنان و مانای مانگەکانی ساڵی کۆچیی ـ ئیسلامیی ڕووندەکەینەوە، بەو هیوایەی ببێتە مایەی سوودمەندبوونتان و دەوڵەمەندتربوونی خەرمانی زانیارییەکانتان.

 مانگی موحەڕڕەم: بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە چونکە عەڕەبەکان لە پێش هاتنی ئیسلام شەڕکردنیان لەو مانگەدا حەڕام کردبوو، بۆیەش لە مانگی موحەڕڕەم شەڕکردن نەبووە.

مانگی سەفەر: بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە چونکە خانووی عەڕەبەکان چۆل دەبوون و کەسی تێدا نەدەما و هەموویان دەچوونە دەرەوە بۆ گەڕان بە دوای بەدەستهێنانی خواردن و ڕزق و ڕۆزی، یان بەهۆی گەرمای هاوینەوە سەفەریان دەکرد و ماڵەکانیان چۆل دەکرد.

مانگەکانی ڕەبیعی یەکەم و ڕەبیعی دووەم: بۆیە ئەو ناوەیان لێنراوە چونکە ناولێنانەکەیان هاوکات بووە لەگەڵ وەرزی بەهار.

مانگەکانی جەمادی یەکەم و جەمادی دووەم: بۆیە ئەو ناوەیان لێنراوە چونکە ناولێنانەکەیان هاوکات بووە لەگەڵ وەرزی زستان کە ئاوی تێدا دەبەستێت و دەبێت بە بەستەڵەک.

مانگی ڕەجەب: بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە چونکە عەڕەبەکان دەترسان و وازیان لە شەڕکردن دەهێنا، ڕەجەبیش واتای شتێکی گەورە و خاوەن هەیبەت دەگەیەنێت.

مانگی شەعبان: بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە چونکە عەڕەبەکان پەرت و بڵاو دەبوون لەو مانگەدا بۆ شەڕکردن و هێڕشکردنە سەر یەکتری، پاش ئەوەی لە مانگی ڕەجەب وازیان لە شەڕکردن دەهێنا.

مانگی ڕەمەزان: بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە چونکە ناولێنانەکە لە کاتێکی زۆر گەرمدا بوووە کە لە عەڕەبیدا پێیدەڵێن "الرمچا‌و"، ڕەمەزانیش لە زمانی عەڕەبیدا واتای گەرمی توندی خۆر دەگەیەنێت.

مانگی شەوال: بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە چونکە ناولێنانەکە لە کاتی وشکبوون و کەمبوونەوەی شیری حوشتردا بووە، کە لە عەڕەبیدا پێیدەڵێن "التشویل".

مانگی زولقەعدە: بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە چونکە عەڕەبەکان لەو کاتەدا دادەنیشتن و وازیان لە شەڕکردن دەهێنا، چونکە ئەو مانگە یەکێکە لەو چوار مانگەی کە شەڕکردن تێیاندا حەڕام کراوە.

مانگی زولحیججە: بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە چونکە عەڕەبەکان لەو کاتەدا دەچوونە زیارەتی کەعبەی پیرۆز و حەجیان دەکرد.

إرسال تعليق