Ads (728x90)

بۆ یەكەمجار لە مێژوودا، وانەی ئیسلامی دەبێتە بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندن لە زانكۆیەكی نەمساوی
بە گوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، لە پایزی سالی داهاتوو (2017)، بۆ یەكەمجار لە مێژووی نەمسا بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانكۆی "ڤییەننا" دەكرێتەوە.

جێگری سەرۆكی زانكۆی "ڤییەننا"، "هاینز فاسمان"، لە لێدوان بۆ میدیاكان ڕوونیكردەوەتەوە: لە داهاتووێكی نزیكدا دەستدەكەن بە ئامادەكردنی پڕۆگرامی پێویست بۆ خوێندنی ئیسلامی لە زانكۆكەیان.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە زانكۆكەیان هەڵدەستێت بە دانانی پڕۆگرامی تایبەت بۆ هەر تایەفەیەکی ئیسلامی، بە جۆرێک كە ڕەچاوی تایبەتمەندێتی تایەفەكە و پەیڕەوكارەكانی تێدا بكرێت.

بە پێی ئەو پلانەی دانراوە بۆ خوێندنی ئیسلامی لە زانكۆی "ڤییەننا"، قوتابی پلەی بەكالۆریۆس لە زانستە شەرعییەكانی ئیسلام بەدەستدەهێنێت، كە شایستەیی ئەوەی پێبدات ببێت بە پێشنوێژكار لە مزگەوت یان مامۆستای بابەتی ئایینی لە قوتابخانەكان.

شایەنی باسە كە لە ساڵی 1912 ـدا، وڵاتی نەمسا ئایینی ئیسلامی خستۆتە ناو لیستی ئایینە فەرمییە دانپێدانراوەكان، یاسایەكی تایبەتیشی سەبارەت بەوە بەناوی "یاسای ئیسلام" پەسند كردووە.

ماوەتەوە بڵێین كە لە ئێستادا نزیكەی 560 هەزار موسڵمان لە وڵاتی نەمسا دەژین، كە بۆنە ئیسلامییەكانیان بۆ دەكرێت بە پشووی ڕەسمی و، گۆڕستانی تایبەت بە خۆشیان هەیە، هەروەک موسڵمانانی نەمسا مافی ئەوەیان هەیە ببنە فەرمانبەر لە دام و دەزگا ڕەسمییەكانی وڵات.

إرسال تعليق