Ads (728x90)

حوکمی سووتاندنی قوڕئانی پیرۆز بەهۆی کۆنی پەڕەکانی
زۆرجار پرسیار دەکرێت دەربارەی حوکمی شەرعی تایبەت بە سووتاندنی قوڕئانی پیرۆز بەهۆی کۆنی پەڕەکانی، ئایا کارێکی دروستە یان نا؟، بە تایبەت ئەگەر قوڕئانە کۆنبووەکە لەسەر ڕەفەیەکی تۆزاوی بوو لە گۆشەیەکی ماڵ یان مزگەوت یان هەر شوێنێکی دیکە و بەکارنەدەهێنرا بۆ خوێندنەوە.

سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین کە بنچینە لە قوڕئانی پیرۆزدا ئەوەیە نابێ بسووتێندرێت، مادام بە کەڵکی خوێندنەوە دێت، ئەوەش وەک ڕێزگرتن و بە بەرزڕاگرتنی ئەو کتێبە پیرۆزەیە، کە پێویستە هەر موسڵمانێک بە مامەڵەیەکی شایستە بینرخێنێت و بیپارێزێت.

بەڵام ئەگەر پەڕەکانی قوڕئانی پیرۆز کۆن بوون و بە کەڵکی خوێندنەوە نەدەهات و موسڵمانان سوودیان لێوەرنەدەگرت، دروستە بسووتێندرێت، ئەوەش وەک پاراستنە بۆ پایە و پێگەی قوڕئانی پیرۆز، زۆربەی هەرە زۆری زانایانیش لەسەر ئەو بۆچوونە هاوڕان.

بەڵام ئەوەی گرنگە و پەیوەندی بە خودی سووتاندنەکەوە هەیە ئەوەیە، کە وا باشترە لەسەر ڕووبارێک بسووتێندرێت و خۆڵەمێشەکەی بکرێت بە ئاوەکەیدا، یان ئەگەر ئەوەش نەکرا لە پاش سووتاندنەکەی لە خاکێک یان زەوییەکی پاک بشاردرێتەوە، کە هاتوچۆ و حاجەتی مرۆڤەکانی بەسەرەوە نەبێت.

خوای گەورەش بەرزتر و زاناترە. 

إرسال تعليق