Ads (728x90)

ئایا لەباربردنی کۆرپەلە، بەر لە ماوەی بە بەرداکردنی ڕۆح، کارێکی دروستە یان نا؟!
تایبەت بە قەڵەم پرێس

حکومەتی چین وەچەخستنەوەی بۆ تێکڕای گەلی "تورکستان" دەستنیشانکردووە، بەوەی ئەگەر پیاوەکە جوتیار یان دارتاش بێت، مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی نۆ ساڵدا ببێتە خاوەنی سێ منداڵ، بۆ هەر سێ ساڵ منداڵێک، بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بوو یان منداڵەکان لە دوای یەکەوە بوون، ژن و مێردەکە تووشی غەڕامەیەکی قوڕس دەبنەوە.

بەڵام ئەگەر پیاوەکە فەرمانبەر بوو، مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی شەش ساڵدا ببێتە خاوەنی دوو منداڵ، بۆ هەر سێ ساڵ منداڵێک، بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بوو یان منداڵەکان لە دوای یەکەوە بوون، ژن و مێردەکە لەلایەن حکومەتەوە لە وەزیفەکانیان دەردەکرێن.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر پیاوە فەرمانبەرەکە لە ماوەی شەش ساڵەکەدا خاوەنی دوو منداڵ بوو، وە خێزانەکەی سکپڕ بوو و منداڵی سێیەمی لە ڕێگەدا بوو، ئایا کۆرپەکە لەبار ببەن یان لە وەزیفەکانیان دەربکرێن؟، لە کاتێکدا هیچ کارێکی دیکەیان نییە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.

بە گەڕانەوەمان بۆ ڕا و بۆچوونی شەرعناسانی سەردەم دەڵێین: ئەگەر تەمەنی کۆرپەلەکە لە سێ مانگ و نیو زیاتر نەبوو، وە هەردوو هاوسەرەکە ناچاربوون بە لەباربردنی کۆرپەلەکەیان لە پێناو پاراستی کاری وەزیفەییان، کە بێجگە لە مووچەی مانگانەی وەزیفەکەشیان هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی دابینکردنی بژێوی ژیانیان نەبوو، لێرەدا هیچ ڕێگرییەک نییە لە لەباربردنەکە، ئەوەش بە کارکردن بەو ئایەتەی قوڕئانی پیرۆز: {فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ}.. [البقرة: 173]، واتا: {ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێویستی ناچاری كرد، بەبێ زیاده‌ڕه‌وی و له سنوور ده‌رچوون، ئه‌وه هیچ گوناهێكی له‌سه‌رنییه‌، به‌ ڕاستی خوا زۆر لێخۆشبوو و به به‌زه‌یی و دلۆڤانه‌}.

بێجگە لەوەش زانایانی مەزهەبی حەنەفی لەباربردنی کۆرپەلەیان پێش ماوەی ١٢٠ ڕۆژ بە دروست داناوە، کە تا ئەو ماوەیە کۆرپەلە ڕۆحی بە بەردا نەکراوە.

بۆ حاڵەتەکانی دیکەش، موسڵمانان دەتوانن ناوەڕۆکی ئەو بابەتە بکەنە پارسەنگ بۆ دەستکەوتنی ڕوونکردنەوەی پێویست و دروست.

خوای گەورەش بەرزتر و زاناترە.

إرسال تعليق