Ads (728x90)

چۆن دەزانی خوا لێت ڕازیە و خۆشی دەوێی؟
نیشانەكانی خۆشەویستی خوا بۆ بەندەكانی و ڕازیبوونی لێیان گەلێک زۆرن، بەڵام لەو بابەتەدا تیشک دەخەینە سەر دیارترینیان، بەو هیوایەی ببێتە هۆكاری ئەوەی وا بكەین خۆشەویستی و ڕەزامەندی خوای گەورە بەدەستبهێنین.

یەكەم/ موسڵمان شوێنكەوتنی ڕێبازی ڕێبازی حەزرەتی موحەممەد (دخ) بۆ ئاسان ببێت، لە شوێنپێهەڵگرتنی سوننەتە موبارەكەكانیشی گوێنەدات بە ئاستەنگ و ناڕەحەتییەکان.

دووەم/ موسڵمان هەڵگری سیفەتەكانی بەخشندەیی و خاكگەرایی بێت لەگەڵ برا ئیماندارەكانی، لە هەڵسوكەوتكردنیش لەگەڵ كەسانی غەیرە ئیماندار نەفسبەرز بێت، دەشبێت ڕەوشتەکانی بریتی بێت لە تێكۆشان لە پێناو بەزاندنی ئارەزووەكانی و تێكشكاندنی شەیتان و دارودەستەكەی و دووركەوتنەوە لە ئاكارە خراپەكان، هەروەكو ناشبێت لە دەستگرتنی بە حەق بێجگە لە خوای گەورە لە قسەی هیچ كەسێك بترسێت.

سێیەم/ ڕق و كینە و هەستی دوژمنایەتی لە دڵدا نەبێت بەرامبەر بە هیچ یەكێك لە دۆستەكانی خوای گەورە، وە دەبێت خۆی خەریك بكات بە چاككردنی خەوش و كەموكوڕییەكانی خۆی و نابێت سەرقاڵی عەیب و كەموكوڕییەكانی خەڵك بێت.

چوارەم/ دەبێت سەركەوتوو بێت لە پارێزگاریكردن لە فەڕزەكان و، زۆر بایەخ بدات بە ئەنجامدانی سوننەتەكان تا وای لێدێت حیكمەتە ئیمانییەكان و ڕەنگدانەوەی چاكسازییەكانی، كە لە پێناویاندا خوای گەورە مرۆڤی كردووەتە جێنشین لەسەر زەوی، بەسەر دڵ و زمان و دەست و هەمووهێزێكی زاڵ دەبێت.

پێنجەم/ بكەوێتە ناو دڵی خەڵک و خۆشەویست بێت لەلایان، ئەوەش وەک ئەنجامێكی سروشتی خۆشەویستی خوا و فریشتەكان و ئەهلی ئاسمانەكانە بۆی.

شەشەم و كۆتایی/ دەبێت موسڵمان هەست بكات هێزێک هەیە پاڵی پێوە دەنێت بەرەو تاعەت و عیبادەت وڕووكردنە خوای تەعالا، هەروەها دەبێت خۆی مەشغوڵ بكات بە زیكری پەروەردگار و وردبوونەوە و تێگەیشتن لە ئایەتەكانی قوڕئانی پیرۆز و هەموو ئەو پەرستشانەی نزیكتری دەكەنەوە لە پەرستراوە ڕاستەقینە بێوێنەكە كە زاتی (الله)ـیە.

إرسال تعليق