Ads (728x90)

سەنگافورە باشترین وڵاتی دونیایە لە ڕووی تەندرووستییەوە
وڵاتی سەنگافورە بەرزترین پلەی بەدەستهێنا لە پۆڵێنبەندی ”باشترین وڵات لەسەرتاسەری جیهان لە ڕووی تەندرووستییەوە”، ئەوەش بە گوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی نوێ، كە داتاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و بانكی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی تایبەت بەو بابەتە بەكارهێناوە.

لێكۆڵینەوەكە، كە ئاژانسی "بلۆمبێر"ڕێكیخستووە، بۆ هەر وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتووانەكەی گەیشبێتە ملیۆنێك یان زیاتر، ژمارەیەك خاڵی سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی بۆ دانراوە، وە ژمارەیەك خاڵی دیكەشی سەبارەت بە مەترسییە تەندروستییەكانی بۆ دانراوە.

ڕیزبەندی هەر وڵاتێكیش لە ڕێگەی دەركردنی خاڵەكانی مەترسییە تەندروستییەكان لە خاڵەكانی ڕەوشی تەندروستییەكانییەوە بووە.

ئەنجامی كۆتایی ڕەوشی تەندروستیش لەسەر بنەمای چەند فاكتەرێك هەژمار دەكرێت، وەك تەمەنی پێشبینیكراوی هاوڵاتی لە كاتی لەدایكبوونییەوە، وە هۆكارەكانی مردن، لە كاتێكدا مەترسییە تەندروستییەكان لەسەر بنەمای ئەو فاكتەرانەی دەبنە بەربەست لەبەردەم ڕەوشی تەندروستی لە وڵات، وەك ڕێژەی ئەو گەنجانەی جگەرە دەكێشن، هەروەها ئەو كەسانەی بەدەست زیادەی كۆلیستڕۆڵ دەناڵێنن، وە ئەو خۆپاراستنەكان لە نەخۆشییە جیاوازەكان.

وڵاتی سەنگافورە بە ڕێژەی ٨٩.٤٥% بەرزترین پلەی پۆڵێنبەندییەكەی گرتووە، لە كاتێكدا ئیتاڵیا بە ڕێژەی ٨٩.٠٧% لە پلەی دووەمدا هاتووە، ئوستوڕاڵیاش بە ڕێژەی ٨٨.٣٣% لە پلەی سێیەمدا هاتووە.

بەڕیتانیاش كە ڕێژەی (٧٦.٨٤%)ی هەیە، و لە پلەی ٢٤دایە، شكستیهێناوە لەوەی ناوی لە پێگەیەك لە ٢٠ وڵاتی یەكەمدا بێت، بەوەش لە ڕیزبەندییەكەدا لە دوای بەلجیكا و ئیرلەندا و نەڕویج دێت.

لە بەرامبەریشدا سوایزلاند لە خوارەوەی لیستەكە هاتووە وەك وڵاتێك ئاستی تەندروستی زۆر لە دابەزیندایە، كە ڕێژەی ٠.٢٦%ی بەدەستهێناوە.

تێكڕای وڵاتە ئەفریقییەكانیش لە كۆتایی لیستی پۆڵێنبەندییەكەدان، كە لیسۆتۆ و كۆماری كۆنگۆی دیموكرات و تشاد و مۆزەبیق لەو ١٠ وڵاتەن كە لە كۆتایی ڕیزبەندییەكەدا دەبینرێن.

هەروەها لێكۆڵینەوەكە ئاستی بەرزی جیهانی بەكارهێنانی خۆراكی تەندروستیی ئاشكراكردووە، وەك سەوزەمەنی و میوەكان، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا بەرزبوونەوەی قەبارەی خواردەمەنییە ناتەندروستییەكان هەستی پێدەكرێت.

إرسال تعليق