Ads (728x90)

ئایا پێویستە ژن مووچەی مانگانەی خۆی بداتە مێردەكەی؟
بە گوێرەی بنەما شەرعییەكان، ژن ناچار نییە ئەو مووچەیەی مانگانە لەبری كارەكەی وەریدەگرێت بیداتە مێردی، مەگەر بە ڕەزامەندی خۆی، هەمووی یان بەشێكی، تەرخان بكات بۆ هاریكاریكردنی هاوسەرەكەی بۆ ئاسانكردنی ئەركەكانی سەرشانی و دابینكردنی بژێوی ژیانیان، چونكە لەسەر پیاو پێویستە، بە پێی ئەو توانا داراییەی كە هەیەتی، هەموو پێداویستییەكانی خێزانەكەی دابین بكات.

وەک لە ئایینی ئیسلامدا چەسپاوە، ژن خاوەنی كەسایەتی تایبەت بە خۆیەتی، وە داهاتە تایبەتییەكەشی سەربەخۆ و جیاوازە لە داهاتی مێردی، هەردووكیشیان خاوەن توانای ماددی تایبەت بە خۆیانن، كە بۆ هیچ كامیان نییە دەستوەربداتە تایبەتمەندی دارایی ئەوەكەی دی.

بەڵام بە پێی ئەو گرێبەستە هاوسەرگیرییەی لە نێوانیاندا هەیە، ئایینی ئیسلام كۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیاریەتی خستۆتە سەر شانی پیاو، كە دەبێت بۆ خێزانەكەی جێبەجێیان بكات، لە نێویاندا دابینكردنی پێداویستییە ڕۆژانەییەكان و ئەوەی پەیوەستە بە ژیانی ئاسایی هەر تاكێک، بەو مەرجەی كە لە چوارچێوەی توانای ماددی پیاوەكەدا بێت.

بۆیە ئەگەر ئافرەت فەرمانبەر بوو یان كارێكی دەكرد و لە ڕێگەیەوە داهاتێكی دەستدەكەوت، نابێت پیاو داوای داهاتەكەی لێبكات، چونكە مافێكی شەرعی خودی ئافرەتەكەیە، بەڵام ژنەكە دەتوانێت بە ئارەزوو و ڕەزامەندی خۆی، داهاتەكە یان بەشێكی، بداتە هاوسەرەكەی لە پێناو سووككردنی ئەركی سەرشانی، ئەوەش دەچێتە خانەی هاوكاریكردن و یارمەتیدان، بێگومان خێر و چاكە و پاداشتیشی لەلای خوای گەورە پێدەگات لە بەرامبەر ئەوەی شانبەشانی پیاوەكەی بەرپرسیاریەتی خێزان و درێژەدان بە ژیانێكی ئارام و ئاسوودە جێبەجێكردووە.

خوای گەورەش بەرزتر و زاناترە.

إرسال تعليق