Ads (728x90)

پەیامی ماڵپەڕی قەڵەم پرێس بەبۆنەی ساڵی نوێی 2016 ـی زایینی
بەبۆنەی هاتنەوەی ساڵی نوێی 2016 ـی زایینی؛ ماڵپەڕی "قەڵەم پرێس" پەیامێکی تایبەت بەو بۆنەیەوە بڵاو دەکاتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات؛ دەبێت ئەو گۆڕانكارییە زەمەنییە ببێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ بەخۆداچوونەوە و پێداچوونەوە بە تۆماری ڕەفتار و كردار و گوفتارەكانمان لە ساڵی ڕابردوودا.

ئەوەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی ماڵپەڕی "قەڵەم پرێس"ـە:

لە كاتێكدا خەڵكێكی زۆر؛ بە شێوازی جیاجیا؛ خۆشحالی خۆیان دەردەبڕن بەبۆنەی هاتنەوەی ساڵی نوێی 2016 ـی زایینی، بەڵام لە ڕاستیدا دەبوو هەڵوێستەیەكی جیاوازتریان هەبووایە، چونكە هەر چەند ئەو بۆنەیە پێشوازیكردنە لە وەرزێكی نوێی تەمەن؛ لە هەمانكاتدا ماڵئاواییكردنە لە وەرزێكی دیكە، بۆیە گرینگتر بوو؛ كە پەرۆشی لەدەستدانی ساتانێكی نرخداری تەمەنی ساڵی ڕابردوویان؛ هاندەرێكی گەورە بووایە بۆ هەوڵدان؛ هەر لە سەرەتاوە؛ بۆ هەڵسەنگاندنێكی وردی كەمووكوڕییەكانی ساڵی ڕابردوو و؛ دەستبژێریكردن و چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەسەر ئەو كارە چاكانەی؛ كە وەک تووێشووێک ڕەوانەی دواڕۆژی خۆیان كردوون.

لە ساڵی نوێدا، پێویستە هەر مرۆڤێک بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هەنگاو بنێت بەرەو داهاتووی ڕاستەقینەی خۆی، ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی كەیفوسەفاش كەڵكی بۆ مرۆڤ نابێت، ناشبێتە فریادڕەس و بیربەرەوەی خەم و ناخۆشییەکانی؛ ئەگەر بە ئاسوودەیی بۆ ئاخیرەتی خۆی نەڕوانێت و بە تەواوەتی خۆی بۆ خوای و پێغەمبەر و ئایینەکەی یەكلایی نەكردبێتەوە.

هەر بەو بۆنەیەوە؛ خوازیارین ساڵی نوێ ببێتە مایەی ئاسوودەیی و ئارامی و ئۆقرەیی بۆ هەموو گەلانی دونیا؛ بە جیاوازی ئایین و ئایدیا و ئاراستەكانیانەوە، هەمیشەش خواستی ئێمە ئەوە بووە؛ كە نەهامەتی و ناخۆشی و ناڕەحەتییەكان كۆتاییان پێبێت، دەستی دوعا و پاڕانەوەشمان بۆ خوای گەورە بەرز دەكەینەوە؛ كە تەوقی بەڵای داعش و هاوشێوەكانی تێكبشكێنێت و بیانكاتە پەند و وانە بۆ هەموو ئەوانەی بیر لەوە دەكەنەوە؛ کە میللەتی كورد لەسەر نەخشەی دونیا بسڕنەوە.

هەروەكو ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین بۆ دەربڕینی ئەوپەڕی سوپاس و پێزانینمان بۆ برایانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی بەرگری؛ كە تاجی سەركەوتن و سەربەرزیان لەسەر ناوە، حوڕمەت و ڕێز و وەفاداری خۆشمان بۆ بنەماڵە و كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكان دووپات دەكەینەوە؛ كە لە پێناو سەلامەتی ئێمەدا گیان و ژیانی خۆیان كردە قوربانی.

دووبارە هیوای ساڵێكی پڕ خێر و خۆشی و ئاسوودەییتان بۆ دەخوازین، هەمیشەش لە سایەی ژیانێکی کامەراندا هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی خواست و ئامانجە ڕەواکانتان بنێن.

هەولێر/ هەرێمی کوردستان ـــ شەوی 1/1/2016

إرسال تعليق