Ads (728x90)

لەدایکبوونی موحەممەد ﷺ؛ لەدایکبوونی ئۆممەت بوو
نووسینی/ بەڕێوبەری ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

ڕۆژگارەکان تێدەپەڕن؛ سەردەمەکان وەردەچەرخێن؛ تروسکایی ڕۆشنکەرەوەی شاڕێی شکۆمەندی دین و دونیاش؛ حەزرەتی موحەممەد ؛ وەکو خۆر دەرەکەوێت؛ ئیدی یادەوەرییەکە دێت و دەڕوات، گەردوونیش بە یادی سەروەری مرۆڤایەتی دەگەشێتەوە؛ بە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری نووری هیدایەت و ڕەحمەت ﷺ دەبریسکێتەوە.

لەدایکبوونی موحەممەدی ڕێنووێنیکار ؛ وەک لەدایکبوونی هەر مرۆڤێک نییە، چونکە لەدایکبوونی ئەو لەدایکبوونی ئۆممەتە، یادی لەدایکبوونیشی وێستگەیەکە؛ کە موسڵمانان هەڵوێستەی لە ئاستدا دەکەن، تا پەیوەستبوونیان بە پەیامەکەی تازە بکەنەوە و؛ تێگەیشتنیان لە بنەما و بەها و ڕەهەندەکانی قووڵتر بکەنەوە و؛ لەسەر هەمان هەنگاوەکانی حەزرەت ﷺ درێژە بە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی بدەن.

لەدایکبوونی موحەممەد  و ناردنی بۆ ناو خەڵک؛ کۆتاییهێنان بوو بەو زنجیرە پیرۆزە لە پەیامی پێغەمبەران (سڵاوی خوایان لەسەر بێت)، ئەوانەی ئایینی خوایان ڕاگەیاند و موژدەیان دا بە نزیکبوونەوەی هاتنە دونیای تەواوکەری ڕێبازی پەیامبەران؛ حەزرەتی موحەممەد ، ئەوەتا خۆی دەفەرمووێت: ”أَنَا دَعْوَةُ أَبِي إِبْرَاهِيمَ ، وَبُشْرَى عِيسَى ، وَرَأَتْ أُمِّي حِينَ حَمَلَتْ بِي أَنَّهُ خَرَجَ مِنْهَا نُورٌ أَضَاءَ لَهَا قُصُورَ بُصْرَى مِنْ أَرْضِ الشَّامِ“؛ واتا: ”من ئەو بانگەوازییەم؛ کە باوکم ئیبڕاهیم لە پێناویدا تێدەکۆشا؛ من ئەو موژدەیەم؛ کە عیسا پێغەمبەر دای بە گوێی خەڵکیدا دەدا، ئەو کاتەشی لە سکی دایکم دابووم؛ نوورێک لە دایکم دەرچوو؛ کە کۆشکەکانی "بوسڕا"ـی لە خاکی شام بۆ ڕوناک کردەوە“.

بۆیە یادكردنەوەی لەدایكبوونی پێغەمبەری مرۆڤایەتی؛ حەزرەتی موحەممەد، پێویستە تەنیا وابەست نەبێت بە مێژووەكەوە، بەڵكو دەبێت تێپەڕ ببێت بۆ ئاستی سوود وەرگرتن لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی ناوازەی ڕێبەرە چاكەكە ، وە لە پێناو دەرهێنانی پەند و وانەكان؛ كە خاوەنی ئەو یادەوەرییە  پێشكەشیكردوون و؛ تەرجەمەكردنی كردارییانەی خۆشەویستی ئەو پێغەمبەرەش ﷺ بە شوێنپێهەڵگرتنی هەنگاوەكانی و هەنگاونان لەسەر ڕێچكەی ڕێبازەكەی دەبێت.

یادەوەری مەولودی حەزرەت  هاتووە موسڵمانان بانگهێشت بكات؛ تا هەڵوەستەیەک بكەن و بیر لە ژیانی پێغەمبەری ئازیزمان  بكەنەوە، بۆ ئەوەی خەسڵەتە بەرزەكانی  بەردیدە بگرن؛ كە خوای گەورە بەهۆیانەوە لە قوڕئانی پیرۆزدا ستایشی دەكات و دەفەرمووێت: وَإِنَّكَ لَعَلَى خُلُقٍ عَظِيمٍ، هەروەها بیكەنە مەشخەڵی سەر ڕێگەیان، ئەگەریش بمانەوێت ئۆممەت لەو كەوتنەی هەڵسێتەوە و كەشتییەكەی بەرەو كەناری ئارام بەرێت، پێویستە ڕەوشتبەرزی ئەو سەروەرە  بكاتە نموونە و؛ لە هەموو ئاكار و ڕەفتار و گوفتارێكیاندا بەرجەستەی بكەن.

یادەوەری مەولودی سەروەر لە كاتێكدا دێت؛ كە ئۆممەت لە واقعێكی تاڵ و ڕووداوگەلێكی ئازاربەخش دەژین، مەولودی پیرۆز هاوزەمانە لەگەڵ شێواندنی وێنەی پاک و پڕشنگداری ئیسلام، كەڕەتێک توندڕەوانێک بە زیادەڕەویی و؛ كەڕەتێكیش تەمبەڵانێک بە كەمتەرخەمی؛ هۆكارن بۆ لكاندنی ناشیرینی بە ئایین و پەیامە پیرۆزەكەی پێغەمبەری ئازیز .

با یادی لەدایكبوونی فەخری كائینات حەزرەتی موحەممەد بكەینە فاكتەرێكی بەهێز بۆ تازەكردنەوەی ڕۆحیەتی پابەندبوونمان بە بەها و خەسڵەتە بەرز و زێڕینەكانی پێغەمبەری پێشەنگ، بۆ ئەوەی لە ژیانی دونیا و ئاخیرەتماندا سەرفراز و شكۆمەند بین.

إرسال تعليق