Ads (728x90)

بەرشەلۆنە بۆ وای لێهاتووە؟!
نوێکردنەوەی نوێ.. لە یاری ئەمشەوی یانەی بەرشەلۆنە لە بەرامبەر یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید (10/4/2014)، لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی قۆناغی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا “چامپیۆنسلیگ”، میسی و هاوڕێکانی تووشی گورزێکی گەورە هاتن، کاتێك لە یاری گەڕانەوەدا بە ئەنجامی (1-0) یارییەکەیان دۆڕاند، لێرەدا جارێکی ئەو پرسیارە خۆی دەسەپێنێت، بەرشەلۆنە بۆ وای لێهاتووە..؟!، بە تایبەت کە ئەو دۆڕانە یەکسان بوو بە کارەساتێکی گەورە بۆ کەتەلۆنییەکان، چونکە ئەمساڵیش بە دەستبەتاڵی لەو پاڵەوانێتییە ئەوروپییە گرنگ و ستراتیژییە کرانە دەرەوە.

نوێکردنەوە.. ئێوارەی ئەمڕۆ (8/3/2014)، لە گەڕی (27) خولی لالیگای ئیسپانییدا، یانەی بەرشەلۆنە بووە میوانی یانەی بەلەد وەلید، بەڵام کەتیبەکەی "تاتا مارتینیۆ" شکستیانهێنا تەنانەت لە بەدەستهێنانی خاڵێکیش..!، پاش ئەوەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەیان دۆڕاند، ئەوەش چوارەم دوڕان بوو بۆ کەتەلۆنییەکان لەو وەرزەدا، کە ئەوەیان شتێکی ئاسایی نییە بۆ میسی و هاوڕێکانی، بە تایبەت کە یانەی ڕیال مەدریدی پێشەگی لالیگا سوودمەندی یەکەم دەبێت لەو کەوتنەی کەتەلۆنییەکان و پاڵنەرێکی هێزی مەعنەویش دەبێت بۆ پڵنگەکانی قەڵای سپی بۆ فراونکردنی جیاوازی خاڵەکانیان لەگەڵ باڕسای ڕکابەری ئەزەلیان و قایمترکردنی پێگەی خۆیان لە پێشەنگی خولی ئیسپانی.

چەند ڕۆژێکی کەم دوای یەکەم دۆڕانی ئەو وەرزەی یانەی بەرشەلۆنە، کە لە بەرامبەر یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی بوو لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی "چامپیۆنسلیگ"، جارێکی دیکەش کابوسەکە بەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکەی گرتەوە، ئەوجارەیان لە چوارچێوەی پێشبڕکێی "لالیگا" دووچاری شکستێکی دیکە هاتەوە، کاتێك لەسەر یاریگای "سان مامێس" لە بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بلباو سێ خاڵی زۆر گرنگی لەدەستدا و بە ئەنجامی (1-0) یارییەکەی دۆڕاند.

ئەو دۆڕانەی بەرشەلۆنە هەرچەند بەلای ڕکابەرە ئەزەلییەکەی "ڕیال مەدرید" و ڕکابەری ڕاستەقینەی ئێستای لە "لالیگا" یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید زۆر دڵخۆشکەر بوو، تەنانەت ڕۆژنامەکانی مەدرید مانشێتەکانیان ڕازاندەوە بە ناونیشانی "لالیگا دەستیپێکردەوە" وەکو ئاماژەیەك بۆ کەمبوونەوەی جیاوازی خاڵەکانی نێوان ڕیاڵ و بارسا لە شەش خاڵەوە بۆ سێ خاڵ و دابەشکردنەوەی سەرلیستی ڕیزبەندی "لالیگا" لەلایەن ئەتلەتیکۆ مەدرید لەگەڵ بەرشەلۆنە، بەڵام پرسیارێکی زۆر گرنگ لێرەدا خۆی دەنوێنێ، بەرشەلۆنە بۆ وای لێهاتووە؟!.

ئەوانەی بە وردی سەرنجی یارییەکەی دوێنێ شەوی بارسا و ئەتلەتیك بلباویان دابێ، دەزانن کە بەرشەلۆنە چانسی بەهێزی هەبوو کە بە ئەنجامێکی قوڕس نەدۆڕا کە هۆکاری هەموو ئەمانە دەرکەوتنی هێڵی بەرگری بوو بە ئاستێکی خراپ بە تایبەت "پیکێ و ماسکێرانۆ" بوون، کاتێك گۆڵپارێزەکەیان یانەکەی لە چەندین دەرفەتی ڕاستەقینەی گۆڵ تۆمارکردن ڕزگار کرد، یەکێکیتریش لە تێبینییەکان لەسەر هێڵی ناوەند بوو کە ئاستێکی خراپیان پێشکەشکرد، هەر بۆیەش ڕاهێنەر لە گێمی دووەمدا هەردوو یاریزان "شاڤی و ئینیێستا" لەناو یارگا دەرهێنا و یاریزانی دیکەی خستە شوێنیان، لە هێڵی هێڕشبردنیشدا بەرشەلۆنە گرفتی گەورەی بۆ دروستبووە، چونکە "نیمار و سانچێز" نەك هەر ڕۆڵی خۆیان نەبینی لە گۆڵ تۆمارکردن، بەڵکو سەرچاوەی هەڵەی زۆر کوشندە بوون بە تایبەت "نیمار" کە بە ئاستێکی زۆر خراپ دەرکەوت و هەموونی هیوابڕاو کرد لەوەی بتوانێ لە ڕۆڵگێڕانی "میسی" متمانە دروستبکا.

ئێستا بێگومان هەوادار و تەنانەت ئیدارەی یانە کەتەلۆنییەکەش پینەی دۆڕانەکەیان بە پێکانەکەی "میسی" دەکەن، بەڵام ئەوەیان شتێکی زۆر نالۆژیکییە، چونکە لە ئەگەر بەشداریکردنی "میسی" و دەرکەوتنی یانەکە بەو شێوە یاریکردنە، ئەنجامەکان هەمان ئەو ئەنجامانە دەبن کە دوێنێ شەو بینیمان!.

هەروەکو ڕاستییەکی دیکەش هەیە کە پێویستە هەڵوەستەی لە ئاستدا بکەین، ئەویش ئەوەیە کە یانەی شاهانەش گرفتی پێکانی "کرستیانۆ ڕۆناڵدۆ" ی بۆ دروستبووە، بەڵام بینیمان لە دوو یاری ڕابردوودا یانەکە بە بردنەوە و تۆمارکردنی (9) گۆڵ درێژەی بە سەرکەوتنەکانییدا، کەواتە ئەوەی دەبێ لێی بڕوانین ئەوەیە، کە شێواز و پلان و تەکتیکی ڕاهێنەرە نەخشەکێشی سەرکەوتنەکانە، سەرەڕای ئەوەش کە سوپەرستارەکانی وەکو ڕۆناڵدۆ و میسیش لە دەرەوەی هاوکێشەکەدا بن.

إرسال تعليق