Ads (728x90)

موسا پێغەمبەر و پیاوە هەژارەكە
دەگێڕنەوە، جارێكیان موسا پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەربێ) لە ڕێگەی ڕۆیشتنی بۆ كێوی (طور) بە مەبەستی دیداری خوای گەورە، پیاوێكی بینی، كە بەهۆی نەبوونی جلوبەرگەوە، خۆی لەناو لمدا دەشاردەوە.

پیاوەكە تكای لە موسا پێغەمبەر كرد (سڵاوی خوای لەسەربێ) كە داوای بۆ لە خوا بيكاتە خاوەن سەروەت و سامان. كاتێك موسا پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەربێ) لە بەردەم خوای گەورەدا باسی داوای ئەو پیاوەی كرد، خوای گەورە پێڕاگەیاند، ئەو حاڵە (هەژارییەکە) بۆی باشترە.

لە رێی گەڕانەوەیدا، موسا پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەربێ) بە پیاوەكەی وت، هەژاری بۆ تۆ باشترە لەوەی ببیە خاوەنی سەروەت و سامان، بەڵام پیاوەكە بە بیانووی ئەوەی هەندێك شتی دیكەی جیاواز هەیە كە لەوانەیە بۆ ئەو باشتر بن، سوور بوو لەسەر داواكەی، ئیدی موسا پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەربێ) گەڕایەوە لای خوای گەورە و سووربوونی پیاوەكەی لەسەر داواكەی پێڕاگەیاند.

لە كۆتاییەكەدا، خوای گەورە فەرمانیكرد بە موسا پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەربێ) كە یارمەتی پیاوەكە بدا. دوای ماوەیەك، پیاوەكە بە هاوكاری موسا پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەربێ) مەڕێكی كڕی، زۆری نەبرد لە ماوەیەكی كورتدا بووە خاوەنی چەندین سەرە مەڕ و تا دەهات مه‌ڕوماڵاته‌كه‌ی زیادی دەكرد و ئیدی پیاوە هەژارەكە بووە خاوەنی چەندین مێگەل مەڕ و ماڵات.

ڕۆژگار تێپەڕی و ساڵان هاتن و چوون، ڕۆژێكیان موسا پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەربێ) بە شوێنێكدا دەڕۆیشت بەرەو كێوی (طور) بە مەبەستی دیداری خوای گەورە، قەرەباڵغییەكی بینی، كاتێك لێیان نزیكبووەوە و پرسیاری لێكردن: ئەوە چی ڕوویداوە؟!، خەڵكەكە وتیان: لێرە پیاوێكی زۆر هەژار هەبوو، پاش ماوەیەك خوای گەورە سەروەت و سامانێكی زۆری پێبەخشی، بەڵام ئەو دەوڵەمەندییە بە كەڵكی نەهات، چونكە دەستیكرد بە عارەق خواردنەوە، ئەوەبوو ڕۆژێكیان عارەقی خواردەوە و هۆشی لەلادا نەما و لەگەڵ پیاوێكی دیكە لێیان بووە دەمەقاڵێ، لە ئەنجامدا دەستپێشخەریكرد و پیاوەكەی دیكەی كوشت، ئێستاش ئەوا تۆڵەی لێدەكرێتەوە و دەكوژرێ، ئەو قەرەباڵغییەش لەبەر ئەوەیە خەڵك هاتوون بە چاوی خۆیان ببینن كە ئەو پیاوە دەكوژرێتەوە!!.

إرسال تعليق