Ads (728x90)

خوێندنەوەی مەولودنامە، مەودا گرنگەکەی یادی حەزرەت
خوێندنەوەی مەولودنامە، کە ساڵەهایە کوردەواری پێی ئاشنایە و، ئامانجی تاکەکانییەتی لەو ڕێگەیەوە هاوشێوەی سوڵتان موزەفەر دووپات لە هاوسۆزی خۆیان بۆ ڕێبازی ڕووناکیبەخشی حەزرەت (د خ) بکەنەوە، دیاردەیەکی پڕشنگداری پەسندیدەیە کە لە ڕەهەندە ئایینیە ڕەسەنەکەوە هەڵقووڵاوە و، لەوێوە بۆ قووڵایی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان کشاوە و، تایبەتمەندیی بەرفراوانتر و دەلالەتی واتادارتری بۆ چەمکی پێغەمبەرناسی فەراهەم کردووە.

گەواهیدەرێکی ئاشکرایە، کە ئەو شاکارە شیرینە لە ستایشکردنی حەزرەت بەو ڕۆحییەتە بەرزەی شوێنکەوتووییەوە، وەرچەرخانێکی بەردەوامە  لە هاوکێشەی ئیمانی موسڵمانانی کوردەوە، بەوەی نەوە دوای نەوەی ئەو میللەتە بە وانەی وابەستبوون بە ڕێزگرتن لەو بیرەوەرییە مەزنە گۆشدەکرێن.

کەواتە دەتوانین بڵێین ئاهەنگگێڕان بەو شێوازانەی کە لە ڕێی خوێندنەوەی مەولودنامە و دەربڕینی خۆشحاڵی بە بەخشینەوەی شیرنەمەنی و ژەنینی دەف و وتنەوەی قەسیدە و سرووتی ئایینی نمایش دەکرێن، تەنانەت کە ئاشتبوونەوە و تەبابوونەوەی ئەوانەی لە یەکتر ڕەنجاون دەنوێنێ، جۆرێکە لە پیشاندانی سیمای بریسکەداری کۆمەڵگایەکی دیندار و وەفاداری وەکو کۆمەڵگای کوردی بۆ درێژەدان و درێژکردنەوەی مەودا و ڕەهەندە پیرۆزەکان، کە لە کەسایەتییە کاریزماییە بێوێنەکەی پێغەمبەرمان موحەممەد (د خ) تۆختر و جێگیرتر دەبنەوە.

بۆیە جێی خۆیەتی هەموومان ئەمەکدارانە بەرامبەر بەو پێغەمبەرە ئازیزە و بە سووربوون لە سەر مەبدەئی موساوەمەکردن لە سەر هەموو دەستکەوت و بەرژەوەندییەک لە پێناو پایەداربوون بە بوون بە سەربازێکی سەرڕاستی شەریعەتە پاکەکەی، بە دەستەجەمعی پارێزگاری لەو کلتورە دێرین و دیرۆکییەی کوردەواری بکەین، کە سەرنجامی پابەندبوون بە ژیاندنەوە و زیندووکردنەوەکەی، یەکسانە بە نووسینەوەی تۆمارێکی پڕشنگدار و سەروەرییەکی ڕەونەقدار لە ڕابردووی درەوشاوەمان، کە لە هەمانکاتدا ڕۆحییەتی موسڵمانێتیمان دەباتەوە چوارچێوەیەکی گرنگتر و گەورەترەوە.

با لە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی موحەممەد موستەفا (د خ) پێکەوە و بە گیانێکی گۆشکراو بە خۆشەویستی ئەوەوە، مێژووی ڕابردووی درەوشاوەمان بە کردار و ڕەفتاری بەرز گەشتر بکەینەوە، بە دڵنیاییشەوە ئەو دەستکەوتە گەورەیە لە خوێندنەوەی مەولودنامەدا دەدۆزینەوە.

إرسال تعليق