Ads (728x90)

كوردەواری و كلتوری مەولودی پێغەمبەر
یادەوەری لەدایكبوونی پێغەمبەری خۆشەویستمان موحەممەد (دخ)، فاكتەرێكی سەرەكی بووە لە بنیاتنانی كلتوورێكی فرە ڕەهەند لە شارستانییەتی كوردەوارییدا، كە ئەویش كلتوری مەولودە، چونكە بەدەر لە تێڕوانین بۆ ڕەهەندە ئایینییەكەی، لەسەر ئاستە ئەدەبی و هونەری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكەشدا، پێگەیەكی بەهێزی دروستكردووە.

بایەخی یادەوەری مەولود لەوەدا ڕۆشنتر دەبینرێت، كە شوێنگەی لە گرنگترین لایەنەكانی ژیانی كورددا هەیە، ئەوەتا بووەتە بەشێكی دیار لە دیرۆكی دێرینی كورد، كە لە دووتووێی لاپەڕە ڕۆشنەكانییدا، گەواهیدەری ئەو ڕاستییە، لە بۆتەی جوانترین گوزارشتدا بەرجەستە دەبێت.

گرنگی یادكردنەوەی مەولودی پێغەمبەر (دخ) لەناو كوردەوارییدا، لە وابەستبوونیدایە بە بەردیدەگرتنی پرەنسیپە كلتورییەكان، ڕەسەنایەتییەكەشی لەوەدا دەردەكەوێ، كە وەكو كلتورێكی خاوەن تایبەتمەندیی (ئایینی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەری) لە هزری تاكی كورددا جێگیر بووە، كە ئەوەش دەخوازێت، هەردەم بە زیندوویی ڕایبگرین، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ، ئاشنای لایەنە جوانەكانی بن و هانبدرێن هەڵوەستە لە ئاست وانە گرنگەكانی بكەن.

مایەی شانازییە، كاتێك بۆ یەكەمینجار لەلایەن كوردەوە دەستپێشخەریكرا بۆ داهێنانی ئاهەنگگێڕان "بە خوێندنەوەی مەولودنامە"، تەنانەت شاعیرە ناودارەكانیشمان بە تێكستی جوان و، هونەرمەندە ڕەسەنەكانیشمان بە چڕینی ئاوازی خۆشخوێن، یادەوەرییەكەیان ئاوێزانی بەرهەمی جۆراوجۆری ناوازە كردووە، بۆیە ئەوە هەستێكی تایبەتمان پێدەبەخشێت و هاندەرێكی بەهێزیشە بۆ ئەوەی، وردتر بیر لە فەهمكردنی مانا پڕ مەوداكانی ئەو دەستپێشخەرییە وەرچەرخێنەرە بكەینەوە.

پێویستیشە لێرەدا دووپات لەو ڕاستییە بكەینەوە، كە لە دێرزەمانەوە، ئەو باوەڕە بەهێزە لەناو كوردەوارییدا چەسپیووە، كە لەدایكبوونی پێغەمبەر (دخ)، ڕووناككەرەوەی ژیانی تێكڕای مرۆڤایەتی بووە و لە پێناو شكۆمەندبوونیان تێكۆشاوە، ئەوەش هاندەرێكی گەورە بووە بۆ ئەوەی، كە تاك بە تاكی كوردەواری، یەكڕیز لە پشت پەیامەكەی بوەستن و تامەزرۆ بن بۆ زیندووڕاگرتنی یادەوەری مەولود، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، كە بەمدواییانە، هەندێك كەس و تەیاری داخراو، لەو ڕەسەنایەتییە پەسندیدەیەی باب و باپیرانیان هەڵگەڕانەوە و دژ بەو هەڵوێستبەرزییەی كوردەواری وەستانەوە!!.

إرسال تعليق