Ads (728x90)

پیرۆزبایی سایتی قەڵەم پرێس بەبۆنەی یادەوەری لەدایکبوونی حەزرەتی موحەممەد (دخ)
بەبۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مرۆڤایەتی حەزرەتی موحەممەد (دخ)، پیرۆزبایی سایتی قەڵەم پرێس پێشکەش بە تەواوی موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان دەکەین و، خوازیارین ئەو یادەوەرییە مەزنە ببێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ پتەوترکردنی یەکڕیزیی ئۆممەتی ئیسلام، کە بەداخەوە لە ڕۆژگاری ئەوڕۆدا، لێکترازانێکی هەمەلایەنە لە سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ئەو ئۆممەتەدا دروستبووە.

لە کاتێکدا پێشوازی لەو یادە پیرۆزە دەکەین، کە جیهانی ئیسلامی بە هەلومەرجێکی ئێکجار مەترسیدار لەسەر هەموو ئاستەکان گوزەر دەکات و، هەڵوەشانەوەیەکی بەرفراوان لە ڕایەڵەکانی ژیانی شوێنکەوتووانییدا هەستیپێدەکرێت، ئەوەش لێمان دەخوازێت ژیرانەتر بیر بکەینەوە و، لە ژێر ڕۆشنایی ئامۆژگارییەکانی حەزرەتی موحەممەد (دخ) مامەڵە بکەین و، لەو سۆنگەیەشەوە هەڵوێست بنوێنین و هەنگاو بەرەو داهاتووێکی سەقامگیرتر بنێین.

لەدایکبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی موحەممەد (دخ)، توڕدانی تارمایی و ژیاندنەوەی هیوای درێژەپێدانی ژیان بوو لە سایەی ڕووناکییدا، دەستپێکردنی وێستگەیەکی تازەش بوو لە هەنگاونان بەرەو ئاسۆیەکی ڕووناکتر لە هەموو ئاستە جیاوازەکانی پەیوەست بە زامنبوونی پێشکەوتن و گەشەپێدانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی.

جارێکی تر ئەو یادەوەرییە لە هەموو لایەك پیرۆز بێت، ئینشاڵا ئەمساڵ و هەموو ساڵێك ئەو بیرەوەرییە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و بەرەکەت بۆ ئۆممەتی ئیسلام بە گشتی و بۆ خاك و نیشتیمان و شوێنکەوتووانی پێغەمبەر (دخ) لە کوردستان بە تایبەتی.

سایتی قەڵەم پرێس.. شەوی 12 مانگی ربیع الأول 1345 کۆچی

إرسال تعليق