Ads (728x90)

ئايا شوفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بۆیان هەیە ڕۆژووەکانیان بشکێنن؟
هەندێک لە شوفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان، کە بە درێژایی ساڵ کار دەکەن و، بەردەوام بە دەم ڕێگاکانەوە هاتوچۆ دەکەن لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیان، زۆربەی کاتەکانیش بەهۆی کارەکەیانەوە ماندوو و هیلاکن، ئایا بۆیان هەیە لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزاندا ڕۆژووەکانیان بشکێنن؟، وە ئایا کەی ڕۆژووەکانیان دەگرنەوە و لە چ کاتێکدا؟، یان دروست نییە بۆیان ڕۆژووەکانیان بشکێنن؟.

زانایانی هاوچەرخی ئیسلام بە پشتبەستن بە بنەما فیقهییە جۆراوجۆرەکان، بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە بەو جۆرە دەربڕیووە: ئەگەر ئەو مەسافەیەی شوفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دەیبڕن لە ڕێگاکاندا، هەمان ئەو مەسافەیە بێت کە مەسافەی کورتکردنەوەی نوێژە، کە 86 کیلۆمەتر بەرەو سەرەوەیە، دروستە بۆیان لە سەفەرەکانیان ڕۆژووەکانیان بشکێنن، بەڵام دەبێت پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان لە ساڵی داهاتوو ڕۆژووەکانیان بگرنەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە واتای گشتگیری ئەو ئایەتەی قوڕئانی پیرۆز کە خوای تەعالا تێیدا دەفەرمووێت: "فَمَنْ كَانَ مِنْكُمْ مَرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ"، واتا "ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ئێوه نه‌خۆش بوو یان له سه‌فه‌ردا بوو، با به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی بۆی نه‌گیراوه له ڕۆژانێكی دیکەدا بیانگێڕێته‌وه‌".

سەبارەت بە قەزاکردنەوەی ڕۆژووەکانیان، ئەوان سەرپشکن لە هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژانەی کە ڕۆژووەکانیان تێدا دەگرنەوە، بەڵام بە مەرجێک پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان لە ساڵی داهاتوودا بێت.

خوای گەورەش بەرزتر و زاناترە.

إرسال تعليق