Ads (728x90)

ستێرلینگ بووە یاریزانی مانچستەر سیتی
یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لەسەر پێگەی فەرمی خۆی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، پەیوەندیکردنی ئەستێرەی لاوی یانەی لیڤەرپول و هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا (ڕەحیم ستێرلینگ)ـی بە ڕیزەکانی یانەی شینپۆشەکانی شاری مانچستەر ڕاگەیاند.

یانەی مانچستەر سیتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە (ڕەحیم ستێرلینگ)ـی تەمەن 20 ساڵ، گرێبەستێکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ یانەکەیان ئیمزا کردووە و، درێسی ژمارە 7ـی یانەکەش دەپۆشێت.

هەرچەندە یانە ئینگلیزییەکە ناوەڕۆکی گرێبەستەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە ئینگلیزییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە مووچەی هەفتانەی ئەو یاریزانە 180 هەزار پاوەند دەبێت و، نرخی گواستنەوەشی لە یانەی لیڤەرپولەوە بۆ یانەی مانچستەر سیتی 49 ملیۆن پاوەند بووە.

شایەنی باسە، لە وەرزی ڕابردوودا (ڕەحیم ستێرلینگ) ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەی لیڤەرپول پێشکەشکرد، هەر بۆیە لە سەرەتای وەرزی گواستنەوەی هاوینەدا، لەلایەن گەورە یانەکانی ئەوروپا داواکرا بۆ گواستنەوەی و سوودوەرگرتن لە تواناکانی.

إرسال تعليق