Ads (728x90)

چۆن ئافرەت ڕۆژووە فەوتاوەکانی کاتی بێنوێژی مانگی ڕەمەزان قەزا دەکاتەوە؟
پێویستە لەسەر ئافرەت ڕۆژووە فەوتاوەکانی مانگی ڕەمەزان قەزا بکاتەوە، کە بەهۆی بێنوێژییەوە تێیاندا بەڕۆژوو نەدەبوو، مەرجیش نییە ڕۆژووە قەزا کراوەکان بەدوای یەکەوە بن، بەڵکو دروستە بۆی بە پچڕ پچڕیش قەزایان بکاتەوە.

خوای گەورە حەڕامی کردووە ئەو ئافرەتانە بەڕۆژوو بن کە تووشی بێنوێژی هاتوون (بەهۆی سوڕی مانگانە)ـەوە یان بەهۆی تووشبوونیان بە بێنوێژی (بەهۆی منداڵبوون)ـەوە، چونکە هەردوو حاڵەتەکەیان دەچنە ژێر حوکمی ئەو بنچینە شەرعییەی کە ڕێگە بە نەخۆشان دەدات بەڕۆژوو نەبن، کە لە قوڕئانی پیرۆزدا تیشکی خراوەتە سەر: "وَمَن كَانَ مَرِيضاً أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ".

ئینجا هەر کەسێک بەهۆی پاساو و بیانووێکی شەرعییەوە ڕۆژووەکەی لە مانگی ڕەمەزان شکاند، وەکو نەخۆشی یان سەفەرکردن یان بێنوێژی (بەهۆی سوڕی مانگانە)ـەوە یان بێنوێژی (بەهۆی منداڵبوون)ـەوە، لە کاتی نەمانی پاساو و بیانووەکەی دەبێت پێش هاتنی مانگی ڕەمەزانی داهاتوو ڕۆژووەکانی قەزا بکاتەوە.

بەڵام ئەگەر ڕۆژووەکانی قەزا نەکردەوە تا مانگی ڕەمەزانی داهاتوو هات، پێویستە لەسەری ڕۆژووەکانی قەزا بکاتەوە، هەروەها دەبێت لەبری هەر ڕۆژێک فیدیە بدات بە پێی ئەو ئەندازەیەی کە ساڵانە دیاریدەکرێت، ئەو فیدیەیەش لە بەرامبەر دواخستنی قەزاکردنەوەکەیە.

خوای گەورەش بەرزتر و زاناترە.

إرسال تعليق