Ads (728x90)

ئایا بەڕۆژووبوون بۆ قەزاکردنەوەی ڕۆژووەکانی ڕەمەزان و سوننەتی شەشەڵان (بە یەک نیەت) دروستە؟
لەلای زۆربەی پسپۆڕانی بواری فیقهـ و شەرع دروستە، کە نیەتی ڕۆژووی سوننەت بە نیەتی ڕۆژووی فەڕز گرێبدرێت، بەڵام پێچەوانەکەی دروست نییە، واتا نابێت نیەتی ڕۆژووی فەڕز ببەسترێتەوە لەگەڵ نیەتی ڕۆژووی سوننەت.

زانایان دەفەرموون، دروستە موسڵمان لە مانگی شەوالدا ڕۆژووە فەوتاوەکانی مانگی ڕەمەزان قەزا بکاتەوە، بەوەش هەردوو پاداشتەکەی پێدەگات، پاداشتی قەزاکردنەوەی ڕۆژووە فەوتاوەکانی مانگی ڕەمەزان و پاداشتی ڕۆژووەکانی شەشەڵان، چونکە بەڕۆژووبوونەکە لە مانگی شەوالدا ڕوویداوە، ئەوەش وەکو پێوانەکردن لەسەر ئەو کەسەی بچێتە ناو مزگەوت و پێش ئەوەی دابنیشێت دوو ڕەکعەت نوێژ بکات بە نیەتی قەزاکردنەوەی نوێژی فەوتاوی فەڕزی بەیانی (بە نموونە) یان بە نیەتی نوێژێکی دیکەی سوننەت، بەوەش خێری نوێژی سوننەتی سڵاوکردن لە مزگەوت (تحیة المسجد)ـیش بۆ نوێژخوێنەکە حاسڵ دەبێت، لەبەر ئەوەی نوێژەکەی لە پێش دانیشتن کردووە.

هەر لەوبارەیەوە، ئیمامی سیوطی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) لە کتێبەکەی خۆیدا (الأشباه والنظائر) لە لاپەڕە 22ـدا دەفەرمووێت: ئەگەر کەسێک لە ڕۆژی عەڕەفەدا وەکو قەزاکردنەوە یان بەجێهێنانی نەزر یان لەبری کەفارەت بەڕۆژوو بوو، گەورە قازی ئیسلام و فیقهناسی بەناوبانگی مەزهەبی شافیعی (البارزي) فەتوای داوە کە دروستە و خێر و پاداشتی هەردووکیانی بۆ حاسڵ دەبێت، ئەو فەرموویەتی: "تەنانەت ئەگەر بە ڕەهاییش نیەتی هێنا، بیلکێنە بە مەسەلەی نوێژی سڵاوکردن لە مزگەوت (تحیة المسجد)".

بەڵام زانایانی ئیسلام ئاگادارمان دەکەنەوە لەوەی، کە مەبەست لە حاسڵبوونی خێر و پاداشتی شەشەڵان لەگەڵ قەزاکردنەوەی ڕۆژووە فەوتاوەکانی مانگی ڕەمەزان، پاداشتی بەجێهێنانی ئەسڵی سوننەتەکەیە نەک پاداشتی تەواوی بەڕۆژووبوونەکە، چونکە گەورە شەرعناسی ئیسلام ئیمامی (الرملی) ڕەحمەتی خوای لێبێت لە کتێبەکەی خۆی (نهایة المحتاج) لە بەرگی سێیەم لە لاپەڕەکانی 208 و 209ـدا دەفەرمووێت: ئەگەر کەسێک لە مانگی شەوالدا وەکو قەزاکردنەوە یان بەجێهێنانی نەزر یان لەبری کەفارەت بەڕۆژوو بوو، ئەوا پاداشتی پەیڕەوکردنی ئەسڵی سوننەتەکەی پێدەگات، بەڵام پاداشتی تەواوی بەڕۆژووبوونەکەی پێناگات کە سەرچاوە دەگرێت لەوەی کە تەواوی مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت و شەش ڕۆژیشی بەدوادابێنێت لە مانگی شەوال.

خوای گەورەش بەرزتر و زاناترە.

إرسال تعليق