Ads (728x90)

یاریزانە موسڵمانەکان لە فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا بەڕۆژوو دەبن، بەڵام یانەکانی هەردوو خولی ئیتاڵی و ئینگلیزی ڕێگریان لێدەکەن
پۆزشهێنانەوەی یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی لە بەرامبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی یاریزانەکانی، کە وێنەی ئاو خواردنەوەیان لە کاتەکانی ڕۆژ لە مانگی ڕەمەزان و لە کاتی ڕاهێنانکردندا بڵاوکردبووەوە، شوێنەوارێکی باشی لەلای زۆربەی موسڵمانان جێهێشت و بە دەستپێشخەرییەکی ئیجابی یانە ئەڵمانییەکەیان بۆ گیانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی وەسفکرد.

یانەی بایرن میونخ تاکە یانە نییە کە ئەو بەها بەرزانە بنووێنێت، بەڵکو هەردوو گەورە یانەکەی ئیسپانیاش، ڕیال مەدرید و بەرشەلۆنە، ڕێگەیان بە یاریزانە موسڵمانەکانیان داوە لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو بن و وازبێنن لە خواردن و خواردنەوە، تەنانەت ئەگەر تیپەکەیان لە کاتی یاری فەرمیشدا بێت.

هەر لەو سۆنگەیەوە، ئەمساڵ یانەی مارسیلیای فەڕەنسی دەستپێشخەریکرد بۆ سووککردنی ئەرکی یاریزانە موسڵمانەکانی، کە مافی ئەوە پێداون شەوانە بە تەنیا ڕاهێنان بکەن، ئەوەش لەبری ڕاهێنانەکانی ڕۆژانە، چونکە پلەکانی گەرما لە ڕۆژدا زۆر بەرز دەبنەوە، ئەوەش وا دەکات یاریزانە موسڵمانەکان ناڕحەتی زۆر ببینن، ئەوەش بۆ هەریەک لە یاریزانە موسڵمانەکانی یانەکە (سانی، برادە، ڕۆماو) هەنگاوێکی زۆر گرینگ بوو.

هەروەکو هەندێک لە یانەکانی خولی ئەڵمانی (بۆندسلیگا) دەستپێشخەریانکرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پشووی یاریزانە موسڵمانەکان و دواخستنی وادەی پەیوەندیکردنیان بە یەکەکانی مەشق و ڕاهێنان لەگەڵ یانەکانیان تا نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی مانگی ڕەمەزان.

بەڵام تا ئێستاش کێشەی نێوان یاریزانە موسڵمانەکان و یانەکانیان لە هەردوو خولی ئیتاڵی و ئینگلیزی بەردەوامە، چونکە تا ئێستا یانەکانیان گرێی خۆگرتنەوەی یاریزانە موسڵمانەکان لە خواردن و خواردنەوە بە درێژایی ڕۆژ لەلای یانەکانی ئەو دوو وڵاتە نەبۆتەوە، چونکە ئەوەیان بووەتە بڕگەیەکی سەرەکی لە گرێبەستی هەندێک لە یاریزانەکان، کە یانەکانیان ناچار دەکەن ڕێگەیان پێبدەن لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان بەڕۆژووبن.

إرسال تعليق