Ads (728x90)

هاوڕێکەت بە چەند دەفرۆشی؟!
جارێکیان پیاوێکی دونیادیتە و ئەزمووندیدە، پەندێکی لەسەر شێوەی گفتوگۆ بۆ کۆمەڵێک گەنجی تازەپێگەیشتوو دەگێڕایەوە.

هاوڕێی یەکەم وتی: هاوڕێکەتت بە چەند فرۆشت؟!.

هاوڕێکەی دیکە وەڵامی دایەوە: فرۆشتم بە (٩٠) نەوەد هەڵە (کەوتن، شکست، نسکۆبردن، گوناهـ ، تاوان، تاد..).

هاوڕێی یەکەم وتی: بە نرخێکی هەرزانت فرۆشتووە!!.

کاتێک پیاو لەو پەندە تێدەفکرێ، سەرسوڕماو دەبێت لەو هاوڕێیەی چاوپۆشی لە (٨٩) هەشتا و نۆ هەڵەی هاوڕێکەی کردووە، بەڵام لە پاش هەڵەی (٩٠)ـەوە دەستبەرداری بووە!، پیاو سەیریشی لەو پیاوە دێت کە لۆمەی کردووە لەسەر فرۆشتنی هاوڕێکەی بە (٩٠) نەوەد هەڵە!، وەکو بڵێی پێی بڵێ زیاتر بەرگەی هەڵەکانی بگرە!، چونکە (٩٠) نەوەد هەڵە نرخێکی گونجاو نییە بۆ فرۆشتنی هاوڕێکەت، تۆ نرخێکی هەرزانت بۆ داناوە!.

تۆ بڵێی هاوڕێکەی من یان هاوڕێکەی تۆ یەکسان بێت بە چەند هەڵە؟!، بەڵکو دەبێ هاوڕێکەمان یەکسان بێ بە چەند هەڵەوە ئەگەر نزیک بێ یان زاوا یان برا یان هاوسەر؟!، دەبێ هەر یەکێکمان دایک یان باوک یان خوشک یان براکەی بە چەند هەڵە بفرۆشێت؟!.

ئەوەی لە واقیعی ئێستامان ڕابمێنێ و کەمێک لە حاڵی خەڵک لەناو کۆمەڵگا ئاگادار بێ، بە وردیش سەرنج لەو دابڕانە بدات کە لە نێوان خەڵکدا دروستبووە، بۆی دەردەکەوێ کە کەسانێک هەن هاوڕێکەی یان دایک یان باوک یان خوشک یان براکەی بە یەک هەڵە فرۆشتووە، بەڵکو کەسانێکی دیکە هەن هەموو ئەوانەی بەبێ گوناهـ فرۆشتووە، بیانووشی تەنیا ئەوەیە کە گوێڕایەڵی قسەی دووزمانێکی درۆزن بووە!!.

ئایا وادەی ئەوە نەهاتووە پێداچوونەوە بە هەمووو ئەو کەساندا بکەینەوە کە فرۆشتوومانن لە هاوڕێیان و نزیکەکان و دایک و باوک و خوشک و براکانمان و، بیر بکەینەوە کە بە چەند هەڵە هەرزانفرۆشمان کردوون؟!، ئینجا بۆمان دەربکەوێ و بزانین کە کەسە بە نرخەکانمان بە نرخی زۆر هەرزان فرۆشتوون؟!، ئایا ئەوە وامان لێدەکات ئەوانەی نزیکن لێمانەوە نرخەکانیان بەرزتر بکەینەوە و بە ئاسانی دەستبەرداریان نەبین؟!.

لێرەوەش دەبێ لەو ڕاستییە تێبگەین، کە نرخی ڕاستەقینەی هەر کەسێک، کە پەیوەندییەک بەیەکەوە کۆمان دەکاتەوە، نازانرێت تەنیا لە کاتی مردنی یان لەدەستدانی نەبێت، بۆیە نابێت پەیوەندییەکانت بفرۆشیت بە هەر ژمارەیەک بێ لە هەڵەکان، هەر چەند لە ژماردنیش نەیەن.

إرسال تعليق