Ads (728x90)

تێکدانی مۆزەخانەکان و هەڵوێستی مەرجەعە گەورەکانی ئیسلام
پەیکەرێک لە مۆزەخانەی هونەری ئیسلامی لە قەتەڕ
لە ئێستادا و بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی تێکشکاندنی پەیکەرەکان و تێکدانی مۆزەخانەکان و سووتاندنی کتێبخانەکان، پێویستمان بە توێژینەوەیەکی فیقهی ئیجتیهادی ڕوونتر و گشتگیرتر هەیە، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی موسڵمانان لە کایە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسییەکان لە هەموو جیهاندا ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

پێویستییەکی بابەتی زۆر گرنگە، کە لێکۆڵینەوەی فیقهیی ورد لەسەر پرسی شوێنەوارەکان و پەیکەرەکان و تەندارە بەردینەکانن "بە قەبارە جۆربەجۆرەکان" بکرێت، کە لە سەردەمانی کۆندا ماونەتەوە، دەشبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە، ئایا لە سۆنگەی ئایینی ئیسلامدا بە چ یاسا و بنەمایەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟!، تێکبدرێن و تێکبشکێندرێن؟!، یان بپارێزرێن و پارێزگاریان لێبکرێت؟!.

پێموایە، تێگەیشتن لە ئەحکامە شەرعییەکان و ڕوونکردنەوەی بنەما فیقهییەکان، تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی ئەو ئەحکامانە پەیوەست نەکرێن بە بۆچوونی تایبەتی و، بە ئارەزووی کەسانێک و لایەنانێک بەکارنەهێنرێن، ڕوونکردنەوەی ژیاننامەی ئاقڵمەند و بیرمەندەکانیش یەکێکە لە بنچینە هەرە گرنگەکان، کە شایەنی ئەوەیە ئاگاهیمان لەسەریان هەبێت، بۆ ئەوەی بگەینە بەرەنجامێک، کە ڕێز بگرێت لە عەقڵی مرۆڤ و خولیکانی بۆ شارستانییەت.

هەروەکو تێبینیکردنی هەردوو تایبەتمەندی کات و شوێن، یارمەتیدەرمان دەبن بۆ هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکییانە بۆ هەر کێشەیەک لە کێشەکان، چونکە ئەوەی ڕوویدا لە ساڵی ٢٠١٤ لە تێکدانی ئەوە شتانەی لەناو مۆزەخانەی هونەری ئیسلامی لە قاهیرە هەبوون و، سووتاندنی زیاتر لە هەشت هەزار دەستنووس لە کتێبخانەی موسڵ و، تێکدانی کەلوپەلەکانی مۆزەخانەکە بەمدواییانە بە شێوەیەکی زۆر قێزەون لەلایەن داعشەکانەوە، دەرگای ناکۆکی تیۆری واڵا دەکات سەبارەت بە بابەتی شوێنەوارەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردنن لە بەرامبەریان.

گومان لەوەدا نییە، کە ئەوانەی هەڵساون بە تێکدانی شوێنەوارەکان، ڕەواییەتی ئەو کارانەشیان لە حەڕامکردنی بتپەرستی و کردەوەی پێغەمبەر "دخ" وەرگرتووە، ئەو کاتەی بتەکانی بێباوەڕانی تێکشکاند و بانگەشەیکرد لەناو خەڵک بۆ یەکتاپەرستی، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا لەو پێوەر و پرەنسیپانەوە دروست دەبێت، کە پاڵنەری پێغەمبەر بوون "دخ" بۆ بتشکێنی و، ڕادەی هاوئاهەنگیان لەگەڵ ئەوەی داعشەکان دەیکەن، بەوەی ئایا حوکمی بتشکاندنی پێغەمبەر "دخ" و کردەوەکانی داعش هەمان هۆکاریان لە پشتەوەیە؟!، وە ئایا کردارەکە لە سەردەمانی کۆن و ئێستادا یەک حیکمەت و نهێنیان هەیە؟!.

گومان لەوەشدا نییە، کە کێشەکە لە پێوانەکردنی کردەوەی سەردەمی ئێستا بە سەردەمی کۆن سەرچاوەی گرتووە و، ڕەچاوی ڕەهەندە مێژووییەکان نەکراوە، کە مواسەفاتی تەواو جیاواز هەڵدەگرن بە بەراورد بە واقیعی سەرزەمینی ئێستا، بەوەی نە پەیکەرەکان بتە کۆنەکانن، نە تەندارەکانیش لەبری خوای گەورە دەپەرسترێن، نە مۆزەخانەکانیش شوێنی بێباوەڕین.

بە هەر حاڵ، تەیارە تەکفیرییەکان پێویستیان بە عەقڵ و فیکر و خوێندنەوە نییە، خێراش بە هەڵە و زۆرجاریش بە ئەنقەست حوکمی سەیر سەیری نامۆ لە سەرچاوە ئیسلامییەکان وەردەگرن، کە بەرەنجامی نەخوازراو و دژ بە ڕۆحیەتی پەیامی پێغەمبەر "دخ"ـی لێدەکەوێتەوە، بەڵام دەبێت دامەزراوە و مەجمەع و مەرجەعە گەورەکانی ئیسلام بە جیددی بۆ ئەو وەرچەرخانە لە سەرلێشێواویی و دڕندەیی داعش و هاوشێوەکانی بڕوانن، چونکە بە دڵنیاییەوە کارەکە لە تێکدانی مۆزەخانەکان و سووتاندنی کتێبخانەکان ناوەستێت، بەڵکو سەردەکێشێت بۆ ناشیرینکردنی هەموو جوانییەکان لە ژیانی مرۆڤایەتی.

نووسینی/ بەڕێوبەری ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق