Ads (728x90)

ئایا نوێژی ئەو ئافرەتە قەبول دەبێت کە پابەند نییە بە پۆشاکی شەرعی؟
پۆشاکی شەرعی ئافرەتی موسڵمان، شتێکە خوای گەورە لەسەری فەڕز کردووە، بۆیە حەڕامە ئەو شوێنانەی قەدەغە کراون لە جەستەیدا، کە دەبێت دایانبپۆشێت، لە بەرامبەر کەسانی نامەحڕەم بەدیار بکەون، پۆشاکی شەرعیش بریتییە لەو جلوبەرگانەی تەواوی جەستە دادەپۆشن بێجگە لە ڕووخسار و دەستەکانی نەبێت.

لە ئایینی ئیسلامیشدا، ئەرکە شەرعییە جیاوازەکان یەکێکیان جێگەی یەکێکی دیکە ناگرێتەوە لە جێبەجێکردنیاندا، بۆ نموونە: ئەگەر کەسێک نوێژ بکات، واتای ئەوە نییە کە نوێژکردنەکەی ڕێگەی پێبدات وازبێنێت لە بەڕۆژووبوون، بە پێچەوانەشەوە، هەر بۆیەش ئەگەر ئافرەتی موسڵمان نوێژ بکات و بەڕۆژوو بێت، ئەوە نابێتە پاساو و بیانوو بۆی تا وازبێنێت لە پۆشینی جلوبەرگی شەرعی.

هەر لەو سۆنگەیەشەوە، ئەگەر ئافرەتی موسڵمان نوێژ بکات و بەڕۆژوو بێت، بەڵام پابەند نەبێت بە پۆشینی جلوبەرگ و پۆشاکی شەرعییەوە، کە خوای گەورە فەرمانی پێکردووە بیپۆشێت، لە نوێژکردن و بەڕۆژووبوونەکە بە چاکەکار دادەنرێت، بەڵام بە وازهێنانی لە پۆشینی جلوبەرگ و پۆشاکی شەرعی، بە کارێکی خراپ لەسەری دەکەوێت.

دەربارەی ئەوەش، کە ئایا نوێژ و بەڕۆژووبوونی ئەو ئافرەتەی پابەند نییە بە خۆداپۆشینەوە (باڵاپۆشی) قەبول دەبێت یان نا؟، ڕای بەهێزی زانایانی ئیسلام لەسەر ئەو پرسە ئەوەیە، کە ئەوەیان پرسێکی تایبەت و پەیوەستە بە خوای گەورە، ئەو بە تەنیا خۆی دەزانێت کردەوەکانی چ کەسێک قەبول دەکات یان قەبول ناکات، بەڵام دەبێ ئەوەش بەردیدە بگرین، کە دەبێ موسڵمان گومانی باش بە خوای خۆی ببات و لاپەڕەیەکی سپی لەگەڵ پەروەردگارەکەی بکاتەوە، تێیدا تەوبە بکات لە گوناهەکانی و ڕوو لە گوێڕایەڵیکردن و ملکەچبوون بۆ فەرمانەکانی بکات.

خوای گەورەش زاناتر و بەرزترە.

إرسال تعليق