Ads (728x90)

بۆچی داعش شارستانییەتی ئاشوورییەکانی تێکشکاند؟!
پەیکەرە مێژووییەکان، کە شارستانییەتی دێرینی ئاشوورییەکان لە موسڵ لە سەدەی نۆیەمی پێش زایین دەگێڕنەوە و، لەلایەن لەدیندەرچووەکانی داعشەوە تێکشکێندران، نەک بە تەنیا کردارێکی دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی بوو، بەڵکو دژایەتیکردنێکی ڕاشکاوانەی ڕۆحییەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینەکانیش بوو، کە لە ئایینی ئیسلامدا پایەیەکی تایبەتی هەیە.

تیرۆریستە سەرلێشێواوەکانی داعش بۆ داپۆشینی ئەو کارە قێزەونەیان، پاساو بەوە دەهێننەوە، کە پێغەمبەر (دخ) لە کاتی ڕزگار کردنی مەککەی پیرۆزدا، فەرمانی بە شکاندنی بتەکان داوە، لە کاتێکدا بێئاگان لەوەی لەو سەردەمدا بتەکان لە جیاتی خوای گەورە دەپەرستران!، بەڵام ئێستا کە دیاردەی بتپەرستی نەماوە، نابێت هیچ پەیکەرێک بشکێندرێت، بە تایبەت ئەگەر بەهایەکی مێژوویی و شارستانییەتی هەبێت، چونکە کاتێک سەحابە بەڕێزەکان میسریان ڕزگار کرد، هیچ پەیکەرێکیان نەشکاند، ئەو وڵاتەی پڕ بوو لە پەیکەرە فیرعەونییەکان، ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر نامۆیی بیروباوەڕی تیرۆریستەکانی داعش و دوورکەوتنەوەیان لە تێگەیشتنێکی تەندروستانە لە ڕەهەندە مێژووییەکانی ئایینی ئیسلام.

ئەگەر فراوانبینانەتر بڕوانینە مێژووی پڕشنگداری ئیسلام، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کە سەحابە بەڕێزەکان کاتێک وڵاتەکانیان ڕزگار کردووە و، ڕۆشنایی ئایینی ئیسلام و چرای زانستەکانیان تێیاندا داگیرساندووە، پەیکەرەکان لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا هەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئیسلام لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، بەڵام هیچ کەسێک دەستی بۆ پەیکەرەکان نەبرد، تەنانەت هیچ ناپەسندییەکیشیان لە بوونیان بەدینەکرد تا تێکیانبشکێنن.

بە دیوێکی دیکەدا، ئەگەر سەحابە بەڕێزەکان هیچ ڕووێکی پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامیان لە مانەوەی ئەو پەیکەرانە ببینیبوایە، ئەوا بەبێ دوو دڵی دەیانشکاندن، بەڵام بەهۆی بیرکردنەوەی بەرزیان و پەیوەستبوونیان بە بەها ئایینیەکان و ڕادەی تێگەیشتنی تەندروستانەیان لە ئەحکامی ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆز، هەموو ئەوانە وایانکرد، کە سەحابە بەڕێزەکان وازبێنن لەو پەیکەرانە وەکو خۆیان بمێننەوە، بۆ ئەوەی وەکو بەڵگەیەکی مێژوویی و نیشانەیەک لەسەر شارستانییەتی نەتەوەکانی پێشوو بمێننەوە.

مێژوو ئەوەشمان بۆ باس دەکات، کە "عەمری کوڕی عاس"، والی میسر، پەیکەری "ئەبولهول" و شوێنەوارە فیرعەونییەکانی تێکنەشکاند، بەڵکو لەبری ئەوە مزگەوتی لە تەنیشت کەنیسەکان دروست دەکرد لە میسری کۆن و، بایەخی دەدا بە پەرستش و ئەرک و مافی شوێنکەوتووانی ئایینە ئاسمانییەکانی دیکە، جورئەتی ئەوەشی نەکردووە کەس تەکفیر بکات، بۆیە ئەوەی وەحشەکانی داعش دەیکەن لەو کارە قێزەونانەیان، جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی ترسناکی دەرەکییە و، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشیان کردووەتە داپۆشەری ئەو کردەوە وەحشیگەرانەیان، کە ڕۆژانە بە بەرچاوی هەموو دونیا و بەناوی ئیسلام، نمایشی دەکەن.

نووسینی/ سەرپەرشتیاری گشتی ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق