Ads (728x90)

بۆچی مەسیحییە بێتاوانەکان دەچەوسێننەوە؟
کاتێک موسڵمانان هەست بە ستەم و چەوسانەوە دەکەن لە وڵاتەکانیان، ڕوو دەکەنە وڵاتانی زۆرینە مەسیحی، ئەوان باوەشیان بۆ دەکەنەوە و داڵدەیان دەدەن و کار و شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین دەکەن، بەڵام لەوە تێناگەم بۆچی خەڵکانێکی توندڕەو لە جیهانی ئیسلامی هەڵدەستن مەسیحییە سڤیل و بێتاوانەکان دەچەوسێننەوە؟!.

ئایینی ئیسلام فەرمانی بەوە نەکردووە، دابونەریت و کلتور و شارستانییەتی مرۆڤایەتیش دان بەوەدا نانێت، بەڵکو ئەوە ئەجێندایەکی مەترسیدارە لە پەنا ئاییندا بۆ مەرامی سیاسی و ئامانجی گوماناوی جێبەجێ دەکرێت، دوا کاری چەوساندنەوەی مەسیحییە بێتاوانەکانیش، سەپاندنی سەرانە بوو لەلایەن تیرۆریستەکانی داعش لە پارێزگای "ڕەققە" لە سوریا.

لە هەموو کەس زیاتر مامۆستایانی ئایینی لێم تێدەگەن مەبەستم چییە، بۆ ئەوەی ڕایگشتیش بەرچاوڕوون بێت لە نووسینەکەم، چیرۆکی هەڵهاتنی سەحابەکانی پێغەمبەرتان "دخ" بۆ دەگێڕمەوە، کاتێک لەناو ماڵ و منداڵەکانیان هەڵاتن و چوونە ناو مەسیحییەکان لە وڵاتی حەبەشە، کە لەوێ ئاسایش و دڵنیایی هەبوو، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا مەسیحییەکان چۆن پێشوازیان لێکردن؟.

لە "أم سلمة" خوا لێی ڕازی بێ دەگێڕنەوە، کە دەڵێت: کە گەیشتینە خاکی حەبەشە، بووینە مێوانی چاکترین خانەخوێ، کە "نەجاشی" پاشای حەبەشە بوو، لە دینی خۆمان دڵنیا بووین، خوای خۆمان دەپەرست بەبێ ئەوەی ئازار بدرێین و گوێبیستی شتێک بین کە دڵگرانمان بکات، کاتێکیش قوڕەیشییەکان دیارییەکانیان بە "عبدالله بن أبي ربيعة" و "عمرو بن العاص" بۆ لای نەجاشی و قەشەی مەسیحییەکان ڕەوانە کرد تا ئەو سەحابە هەڵاتووانە بگەڕێننەوە بۆ مەککە، دوای ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان "چیرۆی قسەکردنی نەجاشی و سەحابەکان زانراوە"، دەبێ هەڵوێستی "نەجاشی" پاشای حەبەشە چی بوو بێت؟!.

"نەجاشی" بە سەحابەکانی وت: ئێوە لە خاکی مندا پارێزراون، هەر کەسێک دەستتان لێبدات تووشی سزادان دەبێت، هەر کەسێک دەستتان لێبدات تووشی سزادان دەبێت، هەر کەسێک دەستتان لێبدات تووشی سزادان دەبێت، من حەز بەوە ناکەم کێوێک ئاڵتوونم هەبێت لە بەرامبەر ئازاردانی پیاوێک، ئینجا فەرماندا دیارییەکان بگەڕێننەوە بۆ قوڕەیشییەکان، چونکە من پێویستم پێیان نییە، سوێند بە خوای گەورە، خوا بەرتیلی لێ وەرنەگرتم کاتێک موڵکەکەی بۆ گەڕاندمەوە، تا منیش لەسەر ئەو خاکەدا بەرتیل وەربگرم.

إرسال تعليق