Ads (728x90)

ڕوونکردنەوەی شەرعی کۆکردنەوەی نوێژەکان
نوێژ پەرستشێکی زۆر جیاوازە بە بەراورد بە هەر پەرستشێکی دیکە، کە گوفتار و کرداری تایبەت لەخۆدەگرێت، لە ئیسلامیشدا پایەیەکی بێوێنەی هەیە، چونکە خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا دەفەرموەێت:

"إِنَّ الصَّلَاةَ كَانَتْ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ كِتَابًا مَوْقُوتًا"

واتای ئەو ئایەتە: "نوێژ له‌سه‌ر ئیمانداران فه‌ڕزه، دەبێت له‌ کاتی دیاریکراودا ئه‌نجام بدرێت".

ئایینی ئیسلامیش کۆکردنەوەی نوێژەکانی بە کارێکی دروست داناوە، بەڵام شەرعزانان و پسپۆڕانی بواری فیقهی ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر جۆرەکانی کۆکردنەوەکان، لەو ڕووەوە "ئیمام ئەحمەد" و لەگەڵیشی کۆمەڵێک لە زانایان لە مەزهەبی شافیعی بۆچوونیان وایە، کە کۆکردنەوەی نوێژەکان بە پاساوی نەخۆشی بە هەردوو حاڵەتی پێشخستن و دواخستن "تقدیم و تأخیر" کارێکی دروستە.

بەڵام حەنبەلییەکان فراوانبینترن لەو بابەتەدا، بەوەی کۆکردنەوەی نوێژەکانیان بە هەردوو حاڵەتی پێشخستن و دواخستن "تقدیم وتأخیر" بە کارێکی دروست داناوە بۆ ئەو کەسانەی پاساویان هەیە یان ترسیان هەیە، هەروەها کۆکردنەوەی نوێژەکانیان بە کارێکی دروست داناوە بۆ ئافرەتی شیردەر کە زەحمەتی ببینێت لە شووشتنی جلوبەرگ لە کاتی هەر نوێژێکدا.

هەروەها "ئیبن تەیمییە"ـش دەڵێت: لە مەزهەبی "ئیمام ئەحمەد"ـدا دروستە نوێژەکان کۆ بکرێنەوە، ئەگەر نوێژخوێنەکە سەرقاڵی ئەنجامدانی کارێک بوو، هەروەکو شێخی ئیسلام "ئەلنەسائی"ـیش ئەو بۆچوونەی لە فەرموودەیەکی "مەڕفوع"ـدا لە پێغەمبەر "دخ" باسکردووە، تا ئەوەی فەرموویەتی: کۆکردنەوەی نوێژەکان بۆ چێشتلێنەرەکان و نانەواچییەکان و هاوشێوەکانیشیان دروستە، ئەوانەی  ترسی هەبێت لە تێکچوونی کارەکەی و سەرچاوەی بژێوییەکەی.

پێشەوا "ئەلنەوەوی"ـیش لە شەرحی "صحیح المسلم"ـدا دەفەرمووێت: کۆکردنەوەی نوێژەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونیش دروستە "لە سەفەر نەبێت"، ئەگەر نوێژخوێنەکە پێویستییەکی هەبوو و ئەو کۆکردنەوەی نەدەکردە عادەت لە عیبادەتەکەدا، ئەوەش وتەی "ئیبن سیرین" و "ئەشهەب" لە هاوڕێکانی "ئیمام مالیک"، "ئەلخەتتابیی"ـیش لە "ئەلقەففال" و "ئەلشاشی گەورە" لە هاوڕێکانی "ئیمام شافیعی دەگێڕێتەوە، ڕواڵەتی وتەی "ئیبن عەبباس"ـیش پشتگیری لێدەکات، کە دەڵێت: پێغەمبەر ـ دخ ـ نوێژەکانی نیوەڕۆ و عەسر و نوێژەکانی مەغریب و عیشای کۆ کردنەوە لە شاری مەدینە، بەبێ ئەوەی باران بێت و ترسی لەسەر بێت، کاتێکیش پرسیار لە "ئیبن عەبباس" کرا کە مەبەستی پێغەمبەر ـ دخ ـ لەوەدا چی بووە؟، وەڵامی داونەتەوە: ویستوویەتی ئۆممەتەکەی هەست بە بێزاری و ناڕەحەتی و زەحمەتی نەکەن"، بوخاری و موسلیم ئەوەیان گێڕاوەتەوە.

بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیارییانەی سەرەوە، نوێژخوێن بۆی هەیە نوێژەکانی کۆ بکاتەوە بە پاساو و لەبەرچاوگرتنی سروشت و هەلومەرجی کارەکەی، ئەوە ئەگەر حاڵەتەکە بەو شێوەیە بوو کە لە پرسیارەکەدا هاتووە.

وە بە لەبەرچاوگرتنی هەمان ئەو زانیارییانە، پێشمەرگە بوێرەکان لە سەنگەرەکانی بەرگری دژ بە وەحشەکانی داعش، دەتوانن بەبێ دوودڵی نوێژەکانیان کۆ بکەنەوە و، هیچ کێشەیەکیان نابێت ئینشاڵا.

خوای گەورەش زاناتر و بەرزترە.

ئامادەکردنی: بەشی ئايينى ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق