Ads (728x90)

ئایا لە ئەسڵدا شەیتان فریشتە بووە یان جنۆکە؟
زانایان بۆچوونیان جیاوازە لەسەر پۆڵێنکردنی شەیتان "نەفرەتی خوای لەسەر بێت"، بۆچوونەکانیشیان دابەشی سەر دوو ئاراستە بووە، یەکێکیان پێیوایە لە ئەسڵدا شەیتان لە فریشتەکانە، بەڵگەش بەو ئایەتەی قوڕئانی پیرۆز دێننەوە کە خوای گەورە دەفەرمووێت:

"وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلائِكَةِ اسْجُدُواْ لآدَمَ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِيسَ أَبَى وَاسْتَكْبَرَ".. واتا: كاتێك به‌فریشته‌كانمان وت: سوجده ببەن بۆ ئاده‌م (سوجده‌ی ڕێز و به‌ فه‌رمانی خوا، وه‌كو ڕووگه‌یه‌ك)، سوجده‌یان برد، جگه لە ئیبلیس "شەیتان" نه‌بێت، كه سه‌رپێچی كرد و خۆی به گه‌وره‌زانی و خۆی خسته ڕیزی كافره‌كانه‌وه‌.

زانایانی ئەو ئاراستەیە دەڵێن: ئەگەر ئیبلیس "شەیتان" لە فریشتەکان نەبووایە، فەرمانی پێنەدەکرا سوجدە ببات.

لە کتێبی "قصص الأنبیاء"ـیشدا، "إبن الکثیر" دەڵێت: لە "ئیبن عەبباس" هاتووە، ئیبلیس "شەیتان" پێش سەرپێچیکردنی فەرمانی خوای گەورە لەناو فریشتەکاندا ناوی "عەزازیل" بووە، لە هەمووشیان زیاتر خوای دەپەرست، ئەوەش بەرەو خۆ بە گەورەزانینی برد.

"ئیبن جەریر"ـیش دەڵێت، "ابو کریب" بۆی گێڕاینەوە: لە "ئیبن عەبباس" هاتووە، ئیبلیس "شەیتان" بەشێک بووە لەو فریشتانە کە لە ئاگر دروستکراون، یەکێکیش بووە لە دەرگەوانانی بەهەشت، فریشتەکان هەموویان لە نوور دروستکراون تەنیا شەیتان نەبێت کە لە ئاگر دروستکراوە.

ئاراستەی دووەم لە زانایان پێیوایە شەیتان لە ڕەگەزی جنۆکەکانە، بەڵگەش بەو ئایەتەی قوڕئانی پیرۆز دێننەوە کە خوای گەورە دەفەرمووێت:

وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلائِكَةِ اسْجُدُوا لآدَمَ فَسَجَدُوا إِلاَّ إِبْلِيسَ كَانَ مِنَ الْجِنِّ".. واتا: ئێمه کاتێك به فریشته‌کانمان وت سوجده‌ ببه‌ن بۆ ئاده‌م، هه‌ر هه‌موو سوجده‌یان برد جگه له ئیبلیس، که له ده‌سته‌ی په‌ریه‌کان بوو.

ئەو ئایەتەش ڕاشکاوانە دەیسەلمێنێت کە شەیتان لە ڕەگەزی جنۆکەکان بووە، هەروەها ئیمام غەزالی لە کتێبی "إحیاء علوم الدین" باسی ئەوەی کردووە کە "ابن جریر" دەڵێت: بۆ چاوتروکانێکیش شەیتان لە ڕەگەزی فریشتەکان نەبوو، بەڵکو ئەو ئەسڵی جنۆکەکانە وەکو چۆن ئادەم ئەسڵی مرۆڤەکانە.

گێڕانەوەیەکیش هەیە لە "شهر ابن حوشب" کە دەڵێت: ئیبلیس "شەیتان" لە جنۆکەکان بووە کە لەلایەن فریشتەکانەوە ڕاونران و، لەلایەن ئەوانەوە بە دیل گیرا و بردرا بۆ ئاسمان.

لە "سعد بن مسعود"ـیش هاتووە، فریشتەکان لەگەڵ جنۆکەکان دەجەنگان، ئیبلیس "شەیتان" بە دیل گیرا، ئەو کاتەش بچووک بووە، پاشان لەگەڵ فریشتەکان عیبادەتی خوای دەکرد، بەڵام کاتێک فەرمانیان پێکرا سوجدە ببەن بۆ ئادەم، ئەو بەوە ڕازی نەبوو، هەر بۆیەش خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: شەیتان سوجدەی نەبرد، ئەو لە ڕەگەزی پەرییەکان بوو.

إرسال تعليق